ئەو جۆرە شێرپەنجانەی چارەسەركردنیان ئاسانە

:: AM:11:55:20/10/2016 ‌

لێكۆڵێنەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە هەریەك لە جۆرەكانی شێرپەنجەی سینگ، تیرۆئید، پرۆستات، هوچكین و پێست و گون، بەختی زۆریان هەیە بە دەرمان چارەسەر بكرێن.

یەكێك لە گرینگترین هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە، بریتییە لەوەی كە زوو ئاشكرا بكرێت و دەست بە چارەسەركردنی بكرێت. گەشەی خانەكانی شێرپەنجە لە جۆرەكانی سینگ، پرۆستات، تیرۆئید، رەحم، پێست،  هوچكین و گون، خێرایییەكی ئەوتۆی نییە، بۆیە ئاسانتر دەرمان دەكرین.

شێرپەنجەی مەمك
 یەكێك لەو شێرپەنجانەیە كە لە هەموو جۆرەكانی تر ئاسانتر چارەسەر دەكرێت، لێكۆڵینەوەكان لە ئەمەریكا ئەوەی دەرخستووە ئەگەر ئەندازەی لووەكە لە دوو سانتیمەتر بچووكتر بێت، ئەوا ١٠٠% دەرمان دەكرێت.

شێرپەنجەی پرۆستات
ئەو جۆرە شێرپەنجەیەش خانەكانی زۆر بە خاوی گەشە دەكەن و بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە ئەمساڵ بڵاو كرایەوە، تەمەنی ئەو كەسانەی تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بوون، هاوشێوەیە لەگەڵ تەمەنی پیاوانی تەندروست، بەو مەرجەی لە ژێر چاودێری پزیشك و دەرمان بێت.

شێرپەنجەی پێست
باوترین جۆری شێرپەنجە بریتییە لە شێرپەنجەی پێست. دەرمانكردنی ئەو جۆرە شرپەنجەیە لە قۆناغی یەكەمیدا ئەگەر ئاشكرا بكرێت زۆر ئاسانە. لەكەی پێست لەسەر روو و نێوانی پەنجەكان نیشانەی ئەو جۆرە شێرپەنجەیەن و پێویستە گرنگییان پێ بدرێت و خێرا پزیشكی لێ ئاگادار بكرێتەوە.

شێرپەنجەی تیرۆئید
پزیشك دوای ئەوەی لەو جۆرە شێرپەنجەیە ئاگادار دەكرێتەوە، لووەكە دەردەهێنێت و دەبێت نەخۆش دوای ئەو هەنگاوە دەرمانی تایبەت بخوات.

هوچكین
ئەو كەسانەی شێرپەنجەی هوچكینیان هەیە بەرێژەی ٩٠ تا ٩٥% بەختیان هەیە لە نەخۆشییەكە رزگاریان بێت، دوای ئەوەی دەرمانی گونجاویان پێ دەدرێت.

شێرپەنجەی رەحم
بەهۆی ئەوەی كە شێوازەكانی هەڵسەنگاندن و دەستنیشانكردنی نەخۆشیی پێشكەوتووە، یەكێك لەو جۆرە شێرپەنجانەی بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت، بریتییە لە شێرپەنجەی رەحم بەو مەرجەی خێرا ئاشكرا بكرێت و تەشەنە نەكات.

شێرپەنجەی گون
ئەو جۆرە شێرپەنجەیەش چارەسەركردنەكەی یەكێك لە دەستكەوتەكانی دەیەی رابردووی زانستی پزیشكییە و ئەگەر خێرا بزانرێت كەسەكە شێرپەنجەی گونی هەیە، ئەوا بەختی زیندوومانەوەی نەخۆشەكە ٩٨% دەبێت.

سەرچاوە/ئیرنا


وشە - سلێمان تاشان