هۆكار و چارەسەریی سەرئێشەی منداڵ

:: PM:04:46:19/06/2021 ‌

زۆرێك لە كەسانی پێگەیشتوو و بە هۆكاری جیاوازەوە تووشی سەرئێشە دەبن، كە رەنگە نیشانەی هەندێك نەخۆشی بێت یان كاردانەوەی كەمخەوی و سترێس و رەقبوونی ماسولكەی مل و هیتریش، بە گشتی لە كەسانی گەورە و پێگەیشتوو رەنگە بە ئاسانی هۆكارەكەی دیاری بكرێ و بە خواردنی حەبێك یان مەساجكردن چارەسەر بكرێت، بەڵام لای منداڵ زەحمەتترە، لە خوارەوە تیشك خراوەتە سەر هۆكار و چارەسەری سەرئێشەی منداڵ.

بەپێی زانیارییەكان لە هەر پێنج منداڵ یان رواڵ لە تەمەنی قوتابخانە، یەكێكیان بەدەست سەرئێشەوە دەناڵێنن، زیاترین جۆری سەرئێشەی باویش لای ئەوان ئەوەیە لە ئەنجامی راراییەوە تووشیان دەبێت، 5%یشیان بەهۆی شەقیقە، وەك لە ماڵپەڕی "ویب مید"ەوە باس كراوە. رەنگە باوان بەرانبەر بەو حاڵەتەی منداڵانیان لە بوونی گرێ یان كێشەیەكی مەترسیدار نیگەران بن، بۆیە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری راستەقینەی سەرئێشەكە و چارەسەركردنی پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت.
ئەگەر سەرئێشەی منداڵ 12 سەعات زیاتر بەردەوام بوو پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت
چەند هۆكارێك بۆ سەرئێشەی منداڵ هەیە، لەوانە ماندووبوون و سترێس و رارایی و كێشەی چاو، بۆیە دەبێ پشكنینی بەردەوام بۆ چاوی منداڵ بكرێت، بەگشتی هۆكارەكان بریتین لە:

*نەخۆشی و هەوكردن، وەك سەرمابوون و ئینفلەوەنزا و هەوكردنی گوێ و كەلێنەكانی لووت و بە دەگمەن هەوكردنی پەردەی مێشك یان مێشك، سەرئێشە دروست دەكەن.

*بەركەوتنی گورز بە مێشك، ئەگەر منداڵ بەربێتەوە و سەری ئازاری پێ بگات یان شتێك بەر سەری بكەوێت، بیبە بۆ لای پزیشك.

*هۆكاری سۆزداری، وەك نیگەرانی و رارایی و خەمۆكی منداڵ، یان لەدەستدانی یەكێك لە باوان یان جیابوونەوەیان یان گواستنەوە بۆ شارێك و خانوو و ناوچەیەكی نوێ.

*هۆكاری بۆماوەیی، هەندێك خێزان تۆماریان لە تووشبوون بە شەقیقە هەیە.

*خواردن و خواردنەوەی دیاریكراو، وەك مادەی نیترات كە مادەیەكی پارێزەرە و لە گۆشتی قوتوودا هەیە، سەرئێشە دروست دەكات، هەروەها زۆرخواردنی كافایین كە لە سۆدا و شوكولاتە و قاوە و چادا هەیە.

*كێشە لە مێشك، لە هەندێك حاڵەتی دەگمەن بوونی گرێ لە سەر و ئەو پەستانەی دەیخاتە سەر دەوروبەری، سەرئێشەی بەردەوام دروست دەكات، بەڵام ئەگەر ئەوە هەبێ نیشانەی تریشی دەبێت، وەك كێشەی بینین و سەرسووڕان و نەمانی هاوسەنگی و ماندووبوونی بەردەوام. 

*كەم خواردنەوەی شلەكان یان خواردنی خۆراك، لە كاتی یاری و وەرزشكردن، بەتایبەتی لە كەشوهەوایەكی گەرم وشكهەڵگەڕان روودەدات و سەرئێشە دروست دەبێت، بۆیە بۆ سووككردنی ئازارەكە پێویستە دوو كووپ ئاو بخورێتەوە، بە هەمانشێوە ئەگەر ژەمێكی خۆراك نەخوات، رەنگە تووشی سەرئێشە ببێت.

*بەركەوتنی تیشكی خۆر، رەنگە منداڵەكەت كاتێكی زۆر لەبەر تیشكی خۆر بەسەر ببات، ئەوەیش تووشی بەركەوتنی خۆری دەكات و دووچاری سەرئێشە دەبێتەوە.

*هەوكردنی ددان یان كلۆربوون یان هەوكردنی گوێ و كەلێنەكانی لووت، هەموو ئەوانە سەرئێشەی منداڵ دروست دەكەن.

بە گشتی منداڵ ئەگەری توشوبوونی بە سەرئێشە هەیە، بەتایبەتی كچان دوای تەمەنی پێگەیشتن، منداڵان لەوانە تۆماری خێزانیان هەیە لە سەرئێشە و شەقیقە، رواڵەكان، دەتوانین بەو هەنگاوانەی خوارەوە منداڵ لە سەرئێشە بپارێزین، یان سووكی بكەیت، سەرەتا شێوازی ژیانی بەرەو باشتر بگۆڕە و با كاتێكی باش بخەوی و لە رووی جەستەییەوە چالاك بێت و ژەمەكانی لە كاتی خۆی و خۆراكی تەندروست بخوات، جیا لە خوارنەوەی بڕی پێویستی ئاو و دووركەوتنەوە لە كافایین.

هەروەها دەبێت رێ لە رارایی و نیگەرانیی منداڵ بگیرێت، چونكە تووشی نۆرەی سەرئێشەی دەكات، بزانە منداڵەكەت بە چی بێزار و نیگەران دەبێت، وەك لە قوتابخانە و خوێندن یان پێوەندی بە هاوڕێكانییەوە، ئەگەر زانیشت سەرئێشەكەی پێوەستە بەو راراییەوە، سەردانی پزیشكێكی دەروونی بكە. منداڵەكەت لە خۆراكی ناتەندروست و خواردنەوەی كافایین دوور بخەوە، كە سەرئێشە دروست دەكەن، یان ئاوی پێویست بخواتەوە، لێرەدا گرنگە بزانیت كەی پێویست دەكات سەردانی پزیشك بكەیت.

ئەگەر سەرئێشەی منداڵەكەن 12 سەعات زیاتری خایاند و خراپتر بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكەن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو نیشانانەی هەبوو، لەدەستدانی هەستی بینین، رشانەوە و پووكانەوە یان لاوازیی ماسولكە، تا و رەقبوونی مل یان هەر هۆكارێك شەوانە بە خەبەری بێنێت یان ئازار لە پشتەوەی سەر دروست بكات.
     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل