ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه"، سه‌ركۆنه‌ی رفاندنی ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا ده‌كات و داوا ده‌كات كه ئه‌مه‌ریكا له‌وباره‌یه‌وه هه‌ڵوێستی رژدی هه‌بێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 19ی ته‌مووز، ئه‌نه‌كه‌سه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تیایدا هاتووه، چه‌كدارانی په‌یه‌ده شه‌وی 17ی ئه‌م مانگه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی پارتیان له‌ناوچه جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان رفاندووه، له‌كاتێكدا هه‌وڵی سه‌رخستنی دانووستان و گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كوردی – كوردی له‌لایه‌ن چالاكوانانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆشنبیرانه‌وه هه‌یه.
ئه‌و ره‌فتاره‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی دانووستانه
ئه‌نه‌كه‌سه ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاشكرا كردووه كه له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه رفێنراون و نووسیویه‌تی، چه‌كدارانی په‌یه‌ده، محه‌مه‌د ساڵح ئه‌حمه‌د له چل ئاغا، عزه‌دین مه‌حموود له قامشلۆ، بارزان حوسێن له گركێ له‌گێ و محه‌مه‌د ئیۆ له قامشلۆ رفاندووه و به‌سه‌ر ماڵی "ویسی شێخی"، سه‌ركرده‌ی پارتی یه‌كێتی كوردستانی دا داوه له كۆبانێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا فرمز عه‌بدولكه‌ریم له دێریك و عه‌بدولغه‌فار محه‌مه‌د له چل ئاغا گیراوه و تا ئێسته چاره‌نووسیان نادیاره.
لای خۆیه‌وه كاوه ئازیزی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌و ره‌فتاره‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی دانووستانه و له‌باربردنی رێككه‌وتنی كورده.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه پێویسته ئه‌و ره‌فتارانه‌ی په‌یه‌ده رابگیرێ و كۆتایی به‌و ره‌شبگیرییه بێ كه له رۆژئاوای كوردستان ده‌ستی پێ كردووه.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی داواكارییه‌كاندا، ئه‌نه‌كه‌سه له به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ داوا رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و سه‌ركردایه‌تی هه‌ده‌سه و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده دابنێن و گیراوان ئازاد بكرێن.