ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین کەم دەکات

:: PM:01:32:31/07/2021 ‌
ساڵانی رابردوو هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی هەنگوین، بڕێكی زۆری دەخستە بازاڕەوە و بەشێكیشی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرد، چونكە هەنگوینی كوردستان باشترین جۆری هەنگوین بووە و خواستی زۆری لەسەر بووە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمەكە لە كورتی داوە.

وشكەساڵی و كەمی رێژەی بارانبارین كاریگەری راستەوخۆ و خراپی كردووەتە سەر هەنگەوانان، ئەوانیش بەدەر نەبوون لەو دۆخەی كە دروست بوو، شانبەشانی جووتیاران و كەرتی كشتوكاڵ، هەنگەوانانیش تووشی دۆخێكی خراپ بوون كە هەر لە سەرەتای مانگی نیسانەوە هەنگەكانیان پوورەی دەرچوونیان نەبووە كە ئەوەش بەهۆی وشكەساڵییەوە بوو.
لەو بڕەی كە بەرهەم دەهێنرێت بەشێكی نێراوەتە دەرەوە.

حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی را گەیاند، بەرهەمی ساڵانی رابردوو بۆ هەنگوین لە هەرێمی كوردستان لە نێوان 500 بۆ 700 تۆن بووە، لەو بڕەی كە بەرهەم دەهێنرێت بەشێكی نێراوەتە دەرەوە.

ئەو ئاماژەی دا، ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارین لە ناوچەكان، بەرهەمی هەنگوین بەرێژەی زۆر بەرچاو كەمی كردووە و دابەزیوە، ساڵانەش لە پێناو بەرهەمی ناوخۆ و ساغبوونەوەی بەرهەمی هەنگەوانان، هاوردەی هەنگوین لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێم راگرتووە، بەڵام ئەمساڵ چونكە بڕی بەرهەم كەم بووە، تا ئێستە بڕیار دەرنەچووە و نازانرێ چۆن مامەڵە لەگەڵ هەنگوین دەكرێت.

بەپێی ئامارێك لە هەرێمی كوردستان، سەرووی 400 هەزار كوورەهەنگ بوونی هەیە و ژمارەی هەنگەوانانیش لە هەرێمی كوردستان نزیكەی  10 هەزار هەنگەوان دەبێت، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە سەرووی دوو هەزار تۆن هەنگوین هەیە بۆ پڕكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا كەمتر لە هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت لە ناوخۆ.

دڵشاد محەمەد بەرپرسی هۆبەی هەنگەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵی رابردوو لە سنووری سلێمانی 500 تۆن هەنگوینیان هەبووە، ئەمساڵ بەهۆی كەمی بارانبارین رێژەكە بەشێوەی بەرچاو كەمی كردووە بۆ %80، واتە ئەمساڵ دەتوانین بڵێین كەمترین بەرهەمی هەنگوینیان هەبووە كە رەنگە نەگاتە 100 تۆن.

وەك ئاماژەی دا، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەتایبەت لە دەشتی پشدەر و قەڵادزێ و بناری قەندیل بەرهەمی باش هەبووە، چونكە ناوچەكە كوێستان و فێنكە، بەڵام لە هەردوو ناوچەی شارباژێر و پێنجوێن كە ئەوانیش تا ئاستێك ناوچەی كوێستانین، بەرهەم زۆر خراپ بووە.

بەرپرسی بەشی هەنگەوانی روونی كردەوە، ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی كشتوكاڵەوە، وەك هاوكارییەك بۆ هەنگەوانان هاوردەی هەنگوین قەدەغە دەكات، ئەمساڵیش بەپێی بڕی بەرهەمی ناوخۆ كە بەرهەم دەهێنرێ هاوردە رادەگیرێ.

 لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پێشبڕكێ لە نێوان وڵاتانی عەرەبی كراوە بۆ بەرهەمی هەنگوین لە جۆری باشترین هەنگوین، هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی هەبووە لە ناو وڵاتانی عەرەبی لە باشترین جۆری هەنگویندا، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئەو هەنگوینەی بەرهەم دێت لە كوردستان، لە كوالێتی و جۆرەكەی باشترینە.

لە هەرێمی كوردستان كەمتر لە %20ی هاووڵاتییان هەنگوین بەكار دەهێنن


كەمی بەرهەمی هەنگوین كاریگەری لەسەر ناوخۆ نابێت، چونكە بەپێی داتایەك لە هەرێمی كوردستان كەمتر %20ی هاووڵاتییان هەنگوین بەكار دەهێنن وەك خواردن، بەشێكیش وەك دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی بەكاری دەهێنن.

 عەلی محەمەد سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، تائاستێ ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین باش بووە، لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازی هەیە، ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ بەهۆی كەشوهەواكەی بەرهەمی باشە، بەڵام باشترین جۆری هەنگوین، هەنگوینی شارباژێڕ و پێنجوێنە.

ئەو روونی كردەوە، ئەمساڵ تا ئێستە بەشێك لە ناوچەكان هەنگیان نەبڕیوەتەوە، هەرچەندە دەگوترێ بەهۆی كەمی باران و گەرما پێشبینی بەرهەمی كەم دەكرێت، هەنگەوان هەیە ساڵانە سەرووی چوار تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەیە، بە گشتی ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت لە هەر كوورەیەك هەنگ سێ كیلۆ هەنگوین هەبێ.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان