ئێران لە ترسی خۆپێشاندان و تەقینەوەی دۆخەكە چالاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێت

:: AM:11:44:03/08/2021 ‌
كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی كردووە بە گرتنی چالاكانی خۆپێشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو كارەشی بۆ سەركوتكردنی هاووڵاتییانە تا پەنا نەبەنە بەر خۆپێشاندان كە ماوەیەكە لە هەندێك پارێزگای تر دەستی پێ كردووە. ئێران زیاتر لە هەر ناوچەیەكی ئەو وڵاتە لە كورد دەترسێت، بۆیەش لە ئەگەری هەر خۆپێشاندانێك سەركوتكارییەكانیش توندتر دەبن.

نزیكەی دوو هەفتەیە خۆپێشاندان لە هەندێك ناوچەی ئێران بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و خراپی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و كەمیی ئاو و كارەبا، دەستی پێ كردووە و سەرەڕای سەركوت و كوژرانی ژمارەیەك خۆپێشاندەر لە شوێنی جیاواز، خۆپێشاندانەكان درێژەیان هەیە.

هەرزوو پەنای بۆ شارەكانی رۆژهەڵات بردووە و دەستی كردووە بە گرتنی چالاكان.


ئەرسەلان یار ئەحمەد سەرۆكی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی ئێرانەوە كە لە چەند شارێك دەستی پێ كردووە، دەسەڵاتی ئێران لە ترسی ئەوەی نەكا خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش تەشەنە بكات، هەرزوو پەنای بۆ شارەكانی رۆژهەڵات بردووە و دەستی كردووە بە گرتنی چالاكان.

هەروەها گوتی، گرتنی چالاكانی خۆپێشاندەران لە شارەكانی رۆژهەڵات، بۆ ترساندنی هاووڵاتییانە لەوەی نەكا پەنا ببەنە بەر خۆپێشاندان و تەقینەوەی جەماوەری لەو شارانە روو بدات، ئێران دەیەوێ پێش دەستپێكی خۆپێشاندان، سەركوتی هاووڵاتییان بكات.

سەرۆكی رێكخراوی هەنگاو گوتی، لەو چەند رۆژەی خۆپێشاندان دەستی پێ كردووە، لە كرماشان 20 كەس گیراون، لە مەهاباد و مەریوان و بۆكانیش  15 كەس گیراون.

كۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندترین شێوە رووبەڕووی خۆپێشاندەران و هاووڵاتییان دەبێتەوە، هەر هاووڵاتییەك دژایەتی خۆی بۆ حكوومەت و رژێم دەرببڕێت، دەستبەجێ دەیگرێت، بەتایبەت لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ساڵانە بە دەیان چالاكی كورد و سیاسی دەگیرێن و بەشێكیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات دەگیرێن.

هێزیكی زۆری بۆ ئەو شارانە و تەواوی شارەكانی كوردستان رەوانە كردووە


بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بە "وشە" دراون، لە حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات، رژێمی ئێران بەرانبەر بە شارەكانی رۆژهەڵات بەتایبەت مەریوان و سنە، هەستەوەریی زۆری هەیە، بۆیە بەو هۆیەوە هێزیكی زۆری بۆ ئەو شارانە و تەواوی شارەكانی كوردستان رەوانە كردووە، دەزانێت لە ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری لە شارە كوردییەكان، دۆخەكە بەرەو خراپتر دەڕوات و كۆنترۆڵكردنی قورس دەبێت.

لە خۆپێشاندانەكانی ساڵی 2018 كە لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت لە مەریوان و سنە بەڕێوە چوو، خۆپێشاندەران بە توندی هێرشیان كردە سەر ناوەندەكانی حكوومەت لە ئێران و ژمارەیەكی زۆر لە بانك لە شارەكانی مەریوان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێنران، چەندان داودەزگای حكوومەتیش ئاگریان تێ بەردرا، ئەوكاتیش هێزەكانی سەربە دەسەڵات وەك بە سەتان خۆپیشاندەر و چالاكی مەدەنییان گرت، نزیكەی 100 خۆپێشاندەریش كوژران.

هاوكات عەبدوڵا ئازەربار ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، بە "وشە"ی راگەیاند، لە مێژووی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا چەندان كاری هاوشێوەیان لە رژێم بینیوە، هەر ئەوكات لە خۆپێشاندانەكانی ساڵی 2009، هەروەها خۆپێشاندانەكانی ساڵی 2018، رژێمی ئێران بە چەندان شێوە خەڵكی سەركوت كرد.
پێش هەر شتێك دەست دەكەن بە بانگكردن و لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كە لە خۆپێشاندانەكانی رابردوو دەستیان هەبووە

"ئێران ترسی زۆری لە خەڵكی كورد لە شارەكانی رۆژهەڵات هەیە، ئەمەش وایكردووە پێش دەستپێكی خۆپێشاندان یان هەر نائارامییەك كە لە ئێران دروست بێت، دەستبەجێ رۆژهەڵات ببێتە جێی ترس و پێش هەر شتێك دەست دەكەن بە بانگكردن و لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كە لە خۆپێشاندانەكانی رابردوو دەستیان هەبووە. هەروەها دەیانترسێنن، چونكە دەزانن رۆژهەڵات دەست بداتە خۆپێشاندان، زۆر بە قورسی دەیكات و توند دەبێت". عەبدوڵا ئازەربار وای گوت.

ئەو ئاماژەی دا، ئێران دەستی كردووە بە هەڕەشەكردن لە هاووڵاتییانی رۆژهەڵات و ئەوانەی گومانیان لەسەرە، بانگیان دەكات و بەڵێنیان لێ وەردەگرێت كە كاری لەو جۆرە نەكەن و پەنا نەبەنە بەر نانەوەی  پشێوی و خۆپێشاندان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان