لە هەولێر خاوەن پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پابەندی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار دەبن

:: PM:01:58:11/08/2021 ‌
لە دوای گۆڕانكارییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە دیناری عێراقی، ئەو هاووڵاتییانەی بەشدار بوون لە یەكەكانی نیشتەجێبوون لە شارەكانی كوردستان و قیستی مانگانەیان لەسەر بوو، بەهۆیەوە تووشی بارگرانی بوون، پارەیەكی زیاتریان دەدا بە قیستی یەكەكان بەراورد بە رابردوو و دوای بڕیارێكی حكوومەت كە لە قازانجی كڕیاران دەركرابوو، خاوەن پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پابەندی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بوون.

پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی دەستەی وەبەرهێنانەوە، نووسراوێكی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پارێزگاكان كرد، داوای كرد پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، هاوكاری ئەو هاووڵاتییانە بكەن كە قیستی مانگانەیان لەسەرە.

نزیكەی 90 وەبەرهێنەرن و بەدەمەوەهاتنیان هەبووە بۆ بڕیارەكە.


سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای نووسراوەكەی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی قیستی مانگانەیان لەسەرە، گشتاندنیان پێ كرد بۆ هەموو پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، ئەو وەبەرهێنەرانەی كە لە سنووری پارێزگای هەولێر یەكەی نیشتەجێبوونیان كردووە، نزیكەی 90 وەبەرهێنەرن و بەدەمەوەهاتنیان هەبووە بۆ بڕیارەكە.

وەك زیاتر خستیەڕوو، بەشێك لە وەبەرهێنەرەكان هەستاون بە درێژكردنەوەی قیستەكان بۆ ئەوانەی قیستیان لەسەرە، ئەمەش هاوكارییەكی باشە، هەروەها بەشێكیشیان نرخی دۆلاریان لە نێوان 120 بۆ 130 بۆ خاوەن قیستەكان دیاری كردووە، چەند حاڵەتێكیش هەبووە كە هاووڵاتییان هاتوونەتە لای ئەوان و باسیان لەوە كردووە، چەند وەبەرهێنەرێك پابەند نەبوون، بۆیە نووسراویان بۆ كردوون و پێداگرییان لەوە كردووە دەبێت پابەند بن، دوای ئەوە هیچ سكاڵایەكیان بۆ نەهاتووە.

قیستەكان لە ماوەی دیاریكراو دەدرێت

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەولێر گوتی، "بەپێی گرێبەستی نێوان وەبەرهێنەرەكە و هاووڵاتییەكە، قیستەكان لە ماوەی دیاریكراو دەدرێت، ئێمە داوامان كردووە خزمەتگوزارییەكان بە دۆلار نەبێت، وەبەرهێنەرەكانی هەولێر پابەندبوون بەوەی نرخی دۆلار و قیستەكان بۆ بەشدارانی خۆیان كەم بكەنەوە و قیستەكانیش درێژ بكەنەوە، هیچ وەبەرهێنەرێكیش نەهاتووە سكاڵا بكات و بڵێ پابەند نابم."

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە پارێزگای هەولێر بەشێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی ساڵانێكە تەواو بوون، قیستیان نەماوە و بەشێكیشیان بە پارەی كاش كڕاون، بە گشتی لە كۆی پڕۆژەكان %70یان بە قیست فرۆشراون، ئەوانەی كە قیستیان تێدا ماوە، كەمن و زۆر نین.

لە نووسراوەكەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی سەربە دەستەی وەبەرهێنانن، نرخی گونجاو دابنرێت كە 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قیستەكان ماوەكەی درێژ بكرێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی قیستیان لەسەرە.

ئەندازیار عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای نووسراوەكەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ بەشدارانی یەكەكانی نیشتەجێبوون، هیچ وەڵامێكیان بۆ نەهاتووەتەوە لەلایەن پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كە باس لەوە بكات پابەندی كەمكردنەوەی نرخی دۆلارن بۆ خاوەن قیستەكان.

ئەو روونی كردەوە، "لە ماوەی رابردوودا چەند پڕۆژەیەك خۆیان بڕیاریان دا كە نرخی دۆلار بۆ خاوەن قیستەكان كەم بكەنەوە وەك رۆژی نوێ و قەیوان، هەر پڕۆژەیەك كردبێتی بۆ خۆی كردووە، بەڵام پڕۆژەكان وەڵامی نووسراوەكەی ئێمەیان نەدایەوە، خاوەن قیستەكانیش نەهاتوونەتە لای ئێمە تا سكاڵایان هەبێت و بەگشتی باسی ناكەن."

بەپێی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان كە بە "وشە" دراوە، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، ژمارەیەك پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەن كە سەربە وەبەرهێنانن، كێشەیان تێدایە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار كەم بكەنەوە یان قیستەكان درێژ بكەنەوە، لە سلێمانی 17 پڕۆژە هەن سەربە وەبەرهێنان نین و لە هەولێریش 15 پڕۆژە هەن.
ئەو پارەیەی زیادە لە نرخی 100 دۆلار، بخرێتە سەر قیستەكانی داهاتوو

هەروەها پێشنیارەكەی وەبەرهێنان بەو جۆرە بووە كە ئەو پارەیەی زیادە لە نرخی 100 دۆلار، بخرێتە سەر قیستەكانی داهاتوو، لەو حاڵەتەشدا هیچ كام لە وەبەرهێنەران و خاوەن قیستەكانیش زیانمەند نابن، دەستەی وەبەرهێنان بە گشتی كار بۆ ئەوە دەكات پابەندبوون بۆ ئەو بڕیارە هەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان