لە هەرێمی كوردستان ساڵانە سەرووی پێنج هەزار تۆن زەیتوون بەرهەم دێت

:: PM:04:11:14/09/2021 ‌
هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی زەیتوون دەوڵەمەندە و ساڵانە بڕێكی زۆری لێ بەرهەم دەهێنرێت، زۆرترینی ئەو بەرهەمەی هەیە، دەكەوێتە سنووری پارێزگای دهۆك، كارگەكانی ناوخۆش پشتیان بەو بەرهەمە بەستووە كە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستە، بەرهەمی ساڵانەی زەیتوون سەرووی پێنج هەزار تۆن دەبێت.

حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان حەوت كارگەی رۆنی زەیتوون هەیە و ساڵانە زەیتوون لەو جووتیارانە لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان وەردەگرن و زەیتوونەكە دەكەنە رۆن، بە گشتی ئەو حەوت كارگانە ساڵانە چوار هەزار تۆن زەیتوون لە جووتیاران وەردەگرن.

زۆرترین بەرهەمهێنانی زەیتوون لە پارێزگای دهۆكە

ئەو باسی لەوەش كرد، زۆرترین بەرهەمهێنانی زەیتوون  لە پارێزگای دهۆكە، لە ناوچەكانی تریش بەپێی ئەو رووبەرە زەوییەی كە بە باخی زەیتوون چێنراوە، بەرهەم هەیە، بەڵام تا ئێستە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نەیانتوانیوە ئامارێكی گشتی بەرهەمهێنانی زەیتوون وەربگرن. زۆر لە جووتیاران زەیتوونەكەیان نابەنە كارگەكان، كۆی ئەو زەیتوونەی دەچێتە كارگەكان، هی دوو هەزار و 933 جووتیار بووە.

چەمچەماڵیش یەكێكە لەو ناوچانەی كە ساڵانە بڕێكی زۆر زەیتوونی ،سەتان جووتیار لە سنوورەكە خەریكی بەرهەمهێنانی زەیتوونن، بەشێك لەو زەیتوونەش لە بازاڕ بە دەنكی دەیفرۆشن و بەشی زۆریشی دەبەنە كارگەكانی زەیتوون، بەتایبەت كارگەی زەیتوون لە هەڵەبجە.

عیسا جەلال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چەمچەماڵ، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕی بەرهەمی ساڵانەی زەیتوون جیاوازی زۆره له جووتیارێكەوه بۆ جووتیارێكی تر، ساڵ بە ساڵ بەرهەمی زەیتوون لە سنوورەكە زیاد دەكات، جووتیاری نوێ زەوی بە زەیتوون دەچێنن، وەك كشتوكاڵ هەزار و 200 دۆنم باخی زەیتوونیان بۆ جووتیاران كردووە و نزیكەی دوو هەزار دۆنمی تر لەلایەن جووتیاران خۆیانەوە كراوە بە زەیتوون.

هەروەها ئاماژەی دا، لە ئاغجەلەر و بانی مەقان باخی زەیتوون هەیە، جووتیاران گرنگی بە چاندنی زەیتوون دەدەن، لە سنووری ئاغجەلەر و بانی مەقانیش زیاتر لە 250 دۆنم زەوی بە باخی زەیتوون چێنراوە، بەرهەمی ساڵانەی زەیتوون لە سنوورەكە دەگاتە سەرووی هەزار تۆن، لە ساڵێكیشەوە بۆ ساڵێكی تر جیاوازی هەیە لە بەرهەمی زەیتوون.
ساڵێك بەرهەمی باش دەدات و ساڵێك بەرهەم نادات

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چەمچەماڵ دەڵێت، شێوازی زەیتوون بەو جۆرەیە، ساڵێك بەرهەمی باش دەدات و ساڵێك بەرهەم نادات. هەروەها بوونی بەرهەمی باش و زۆر، پێوەستە بە گرنگیدان بە زەیتوونەكە و خزمەتكردن لە ئاودان و كێڵان، هەڵپاچین و پەینكردنی سروشتی و كیمیایی و قڕكردنی مێروو و دەردە كشتوكاڵییەكانی تر.

ئەو لەبارەی بوونی بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران گوتی، جووتیاران ساڵانە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیان، بەشێكی بۆ بازاڕەكان دەبەن و به دەنكی دەیفرۆشن و ساغی دەكەنەوە، بەشێكیشی دەبەنە كارگەكانی گوشینی زەیتی زەیتوون كە له هەڵەبجه و سلێمانی و هەولێرن. پاشان فرۆشتنی رۆنەكەی له بازاڕەكانی ناوخۆ و بەشی زۆری رۆنەكەش بۆ شارەكانی عێراق دەڕوات.

هاوكات پەیام سەیوان بەڕێوەبەری كارگەی راسان بۆ رۆنی زەیتوون، بە "وشە"ی راگەیاند، "ئەو جووتیارانەی كە زەیتوون دەهێننە كارگەكەی ئێمە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت چەمچەماڵ و هەڵەبجە و بەشێك لە دهۆكیش زەیتوون دەهێنە كارگەكەی ئێمە، بۆیان دەكەین بە رۆنی زەیتوون".

وەك زیاتر خستیە ڕوو، ساڵانە جووتیاران سەرووی 300 تۆن زەیتوون دەهێننە كارگەكەی ئەوان بۆ ئەوەی بكرێت بە رۆن، بەرهەمی ناوخۆ 60% بەرهەمی كارگەكەیان پێك دەهێنێت، بۆ یەك كیلۆ زەیتوون بە كردنی بە رۆن بۆ جووتیاران، 130 دینار وەردەگرن واتە یەك تۆن بە 130 هەزار دینار دەكەن بە رۆنی زەیتوون، ئەو زەیتوونەش جۆری جیاوازی هەیە، باخ هەیە جۆری زەیتوونەكەی باشە. لە چەمچەماڵ 20%ی زەیتوونەكە دەبێت بە رۆن، واتە لە 100 كیلۆ زەیتوون 20 كیلۆی رۆنی زەیتوونە، باخیش هەیە لە 100 كیلۆ زەیتوون، 12 كیلۆ رۆنی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان