هۆكارەكانی ئازاری شانی چەپ چییە؟

:: PM:09:40:15/09/2021 ‌

زۆرجار ئازارێك لە باسك یان شانی چەپی مرۆڤ دروست دەبێت، رەنگە وەك نیشانەیەكی چوونە ناو تەمەن بزانرێت، بەڵام هەندێك جار ئازارەكە ئاسایی نییە و كتوپڕە یان لە تەمەنی زووتر دێت، كە رەنگە ئاماژە بۆ نەخۆشی مەترسیدار بكات.

بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان چەند هۆكارێك بۆ ئەو جۆرە ئازارە هەن، لەوانە دڵە نۆرە، كە نیشانەی تری لەگەڵدا دەبێت، واتە ئەوكاتەی بەهۆی كەمی ئۆكسجینەوە، بەشێك لە ماسولكەی دڵ لەكار دەكەوێت، ئەوەیش لە ئەنجامی تەسكبوونەوەی خوێنبەری دڵ، لەو كاتەی ئازاری شانیی چەپ دیارترین نیشانەی ئەو حاڵەتەیە.
رەنگە ئازارەكە بە هۆكاری هەوكردن یان زۆر بەكارهێنانی جومگەی شانەوە بێت
سینگە كوژە، حاڵەتێكی تری دڵە و ئەو كەسانە هەست بە نائارامی دەكەن بەهۆی گەیشتنی ئۆكسجینی كەم بۆ ماسولكەی دڵ، بۆیە ئەو ئازارە دروست دەبێت لەپاڵ نیشانەی تر، وەك ئازاری شان و مل و پشت و شەویلاك، دوو جۆر سینگە كوژە هەیە، جێگیر، واتە دەتوانرێت دەستنیشان و كۆنترۆل بكرێت، ناجێگیر كە مەترسیدارترە، چونكە نازانی كەی دێت و كۆنترۆلكردنی زەحمەتترە.

بوونی كێشە لە ماسولكە و ئێسكی شان هۆكارێكی تری ئازاری باسك و شانە، شێوەی ئازارەكە جیاوازە و وەك لێدانی چەقۆ دەبێت و هەر جارێك چەند چركەیەك دەخایەنێت، ئەوەیش چەند حاڵەتێكی هەیە وەك، هەوكردنی كیسی، واتە ئەو كیسەی كەوتووەتە نێوان ئێسكەكانی جومگە و دەورەی ئێسكەكان. بۆیە ئازارەكە رەنگە بەهۆكاری هەوكردنەكەوە بێت، بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئەو جومگە یان بەركەوتنی. یان بەهۆی هەوكردنی ژێكان، واتە بەستەرە شانەی نێوان ماسولكە و ئێسكەكان، كە بەهۆی زۆر بەكارهێنانی جومگەكانەوە ئەو حاڵەتە دروست دەبێت.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل