نرخی نەوت گەیشتە نزیكەی 76 دۆلار

:: AM:09:46:16/09/2021 ‌
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی زریان لە ئەمەریكا، نرخی نەوت زیاتر هەڵدەكشێت و بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوو هەڵكشاوە.

بەگوێرەی dailyfx ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 75 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخەكەی 72 دۆلار و 85 سەنت بوو. هاوكات نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بۆ 72 دۆلار و 70 سەنت هەڵكشاوە.
پێشتر پێشبینی كرابوو سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دابەزێت.

هۆكاری سەرەكی هەڵكشانی نرخی نەوت، بۆ دواین ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە. دامەزراوەی سووتەمەنی ئەمەریكا رای گەیاند، قەبارەی ئەو نەوتە پێنج ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل دابەزیوە، لە كاتێكدا پێشتر پێشبینی كرابوو سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دابەزێت.

بەرزبوونەوەی داخوازی لەسەر نەوت كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نەوت هەیە و نرخەكەی بەرز دەكاتەوە. هۆكارێكی تری هەڵكشانی نرخی نەوت بۆ ئەگەری روودانی زریانێكی بەهێزە لە ئەمەریكا، پێشبینی دەكرێ ئەم زریانە، دیسان هاوشێوەی زریانەكەی رابردوو كاریگەریی بخاتە سەر دامەزراوەكانی نەوت. 

دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەمەریكا لە چەند رۆژی رابردوودا، پاڵاوگەكان داوای نەوتی زیاتریان دەكرد، بۆیە نرخی نەوت رووی لە هەڵكشان كردبوو.

ساڵی رابردوو بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا، نرخی نەوتی تێكساس بۆ خوارووی سفر دابەزی و كڕیاران لە بری كڕینی نەوت، پارەیەكیشیان وەردەگرت. هەر ئەوكات ئۆپێك پڵەس بڕیاری دا بەرهەمهێنان كەم بكاتەوە، بۆیە نرخی نەوت دووبارە بەرز بووەوە.

ئۆپێك پڵەس مانگی رابردوو بڕیاری دا، بەرهەمهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بەرز بكاتەوە، سیاسەتەكانیشی تا كۆتایی ساڵی 2022 بەردەوام بێت.

هەرێمی كوردستان لە داهاتەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری بۆ سەر سووككردنی تەنگژەی دارایی هەیە.


وشە - سلێمان تاشان