تاڵیبان بۆ سەرتاشخانەكان: ریشتاشین قەدەغەیە

:: AM:11:12:27/09/2021 ‌
بڕیارە نوێیەكانی تاڵیبان كە بەسەر هاووڵاتییانی ئەفغانستان دێتە سەپاندن، بەردەوامە و هەمان ئەو بڕیارانەن كە لە ساڵانی نەوەتەكاندا لەكاتی حوكمی ئەو بزووتنەوەیە لە وڵاتەكە جێبەجێ دەكران. ئێستەیش كە كۆنترۆڵی ئەفغانستانی كردووە و حكوومەتێكی كاتیی تێدا دامەزراندووە، دوا بڕیاری بۆ سەرتاشخانەكانە كە ریشتاشینی قەدەغە كردووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، وێڕای ئەو بڕیارانەی كە زیاتر ژنانی ئەفغانستانی گرتووەتەوە بەوەی خوێندن و كاركردنی لێ قەدەغە كردوون، موزیك و گۆرانیش بەشێكی تری ئەو بڕیارانەن، ئێستە حكوومەتە كاتییەكەی تاڵیبان، قەدەغەكردنی ریشتاشینی بەسەر سەرجەم سەرتاشخانەكان سەپاندووە.

بەپێی پێگە عەرەبییەكە، شەوی دوێنی بڕیارەكە لە كەرتی هەلمەند لە باشووری ئەفغانستان بڵاو كرایەوە، سەرتاشخانەكان بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە ریش بتاشن و هەر هەواڵێكیان پێ بگات، سەرتاش و كەسی ریشتاشراو، دەستبەجێ سزا دەدرێن. ئەوەیش لە میدیاكانی ئەو كەرتە بە فراوانی بڵاو كراوەتەوە.

لەگەڵ بڕیارەكەدا، سەرتاشخانەكان و گەرماوەكان، بۆیان نییە لە شوێنەكانیان موزیك لێ بدەن، ئەگەر هەواڵێكی لەو شێوەیە پێیان بگات، بەهەمانشێوە دەستبەجێ سزا دەدرێن. چونكە ریشتاشین و لێدانی موزیك لە ئەفغانستان، لە قەدەغەكراوەكانن.

ئەو بڕیارانەی كە لەوەتەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز كۆنترۆڵی ئەفغانستانی كردووە و حكوومەتی كاتیی تێدا دامەزراندووە بەسەر هاووڵاتییانی سەپاندووە، هەمان ئەو بڕیارانەن كە لە ساڵانی نەوەتەكاندا بەسەر خەڵكی سەپاندبوون، بۆیە پێ ناچێ گۆڕانكاری بەسەر عەقڵی ئەو بزووتنەوەیەدا هاتبێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د