هۆكاری سكچوون و ڕشانەوەی منداڵان ڕاگەیەنرا

:: AM:11:15:27/09/2021 ‌
پزیشكێكی پسپۆڕ ڕای دەگەیەنێت، ماوەی چەند ڕۆژێكە نەخۆشییەك سەری هەڵداوە، جۆرێك لە سكچوون و ڕشانەوە و ژانەسكی لەگەڵدایە، تووشی گەورە و بچووك دەبێت، مانای ئەوە نییە تووشی كۆرۆنا بوونە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، شێروان ڕەحمانەشەل پزیشكی شارەزای گشتی و فسیۆلۆجی پزیشكی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە نەخۆشییەك سەری هەڵداوە، جۆرێك لە سكچوون و ڕشانەوە و ژانەسكی لەگەڵدایە و تووشی گەورە و بچووك دەبێت، مانای ئەوە نییە تووشی كۆرۆنا بوونە.

زیاتر گوتی، هۆكاری ئەو نەخۆشییە بەپێی نیشانە و ماوەی نەخۆشییەكە، شارەزایی چەندان ساڵ لەو بوارە و پشكنینەكانی نەخۆشەكان، دەردەكەوێت نەخۆشییەكی ڤایرۆسی بێت، ئەوەش مانای ئەوە نییە كۆرۆنا بێت.

ماوەی نەخۆشییەكە سێ چوار ڕۆژە و پێویست بە دەرمانی دژە بەكتریا ناكات
ڕوونی كردەوە، زۆر لە نەخۆشەكان باسی سەرمابوون دەكەن یان خواردنی جۆرێك لە خواردنەكان، ئەو دووانەش لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ تووشبوون بە سكچوون "بێ بوونی خوێن لە پیسایی"، ژانەسكی سووك یان مامناوەند، تا سووك یان مامناوەند بۆ ڕۆژێك تا سێ ڕۆژ، هەندێك جار ڕشانەوە.

باسی لەوەش كردووە، چارەسەری ئەو نەخۆشییە بریتییە لە پشوویەكی تەواو و خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، هەروەها ماوەی نەخۆشییەكە سێ چوار ڕۆژە و پێویست بە دەرمانی دژە بەكتریا  ناكات، وەك فلاجیل و میپیپریم، ئاو، شەربەتی سروشتی، هەنار، مۆز، ماست، چا، سماق و هێلكەی كوڵاو بە شێوەیەكی گشتی سوودبەخشن، لەگەڵ چارەسەر بە ئاوی موغەزی و پرۆبایۆتیك و پریبایۆتیك، بۆ هەندێك حاڵەت لە ژێر چاودێریی پزیشك دەبێت.



وشە - رامیار جەواد