20 هەزار كوردی كەركووك كە زۆرینەیان پارتین ناتوانن بەشداری دەنگدان بكەن

:: PM:02:43:27/09/2021 ‌
لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بە هەزاران خێزانی كورد شارەكەیان بەجێ هێشتووە و ناتوانن بەشداری دەنگدان بكەن. بەرپرسێكی پارتی دەڵێت، زۆربەی ئەو كوردانەی ئاوارە بوون، ئەندام و لایەنگری پارتین و كاریگەرییان لەسەر دەنگی پارتی و كورد دەبێت لە شارەكەدا.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئەیلوول، دیاری حوسێن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك و گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، ژمارەیەكی زۆر كوردی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر، شارەكەیان بەجێ هێشتووە و بۆ دەنگدان كێشەیان بۆ دروست بووە، كۆمسیۆن ئامادە نییە سندووقی دەنگدان لەو شوێنانەی ئێستە كە لێی نیشتەجێ بوون دابنێت تا بەشدار بن لە دەنگدان.

ئەو روونی كردەوە، ئەو كوردانە كاتی خۆی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییان قبووڵ نەكرد، بۆیە بەشێكیان بۆ هەولێر و بەشێكی تریان بۆ چەمچەماڵ چوون و هەندێكیش روویان لە سلێمانی كرد، ئێستە لەو شوێنانە نیشتەجێن.

ئەوان بۆ دەنگدان ناتوانن بگەڕێنەوە كەركووك، هەندێكیان شوێنیان نییە


جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گوتی، ژمارەی ئەو كوردانەی كەركووك و دەوروبەری كە شارەكەیان بەجێ هێشتووە، سەرووی 20 هەزار كەس دەبن، زۆربەشیان لایەنگر و جەماوەری پارتی بوون كە حوكمی حەشدیان قبووڵ نەكرد و كەركووكیان بەجێ هێشتووە، ئەوان بۆ دەنگدان ناتوانن بگەڕێنەوە كەركووك، هەندێكیان شوێنیان نییە، رۆژی هەڵبژاردنیش قەدەغەی هاتوچۆ هەیە و ناتوانن بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە.

ئەو دەڵێت، "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵداین لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار، بۆ ئەوەی كێشەی ئەو كوردانەی دەرەوەی كەركووك چارەسەر بكەن بە دانانی سندووق لەو شوێنانەی ئێستە لێی نیشتەجێ بوون، ئەگەر كێشەكەیان چارەسەر نەكرێت و نەتوانن دەنگ بدەن، كاریگەری لەسەر رێژەی دەنگی پارتی و كورد دەبێت لە كەركووك."

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان