هەڵبژاردنی عێراق.. میلیشیاكان كۆنگرەی ئاساییكردنەوە دەقۆزنەوە

:: PM:06:36:27/09/2021 ‌

هەینی رابردوو كۆنگرەیەك لە هەولێر ساز كرا، مەبەستی كۆنگرەكە و بانگەشەكردن بۆی ئاسایی بوو، بۆ ئاشتەوایی نێوان گەلان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و گرنگیدان بە ئەندامانی سەحوەی سوننە و گەڕاندنەوەیان بوو بۆ ریزی هێزە تەناهییەكانی عێراق، بەڵام دۆخەكە لەناو كۆنگرەكە ئاراستەیەكی تری وەرگرت، بەتایبەتی لەلایەن كەسانێك پێشتر كەسی نزیكی سەرانی شیعەی عێراق بوون، ئەوەیش گومانی خستە سەر هۆكاری سازكردنی كۆنگرەكە و ئامانجەكانی لەپشتەوەین.

ئەوەی لە كۆنگرەكە رووی دا، كە بانگەشە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل كرا، دوور و نزیك پێوەندی بە هەرێمی كوردستان و كوردەوە نییە، سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم زۆر بە روونی هەڵوێستی كوردستانیان راگەیاند، تا ئێستە لێكدانەوە لەبارەی هۆكاری راستەقینەی كۆنگرەكە و ئەو لایەنانەی لەپشتەوین و كاتی سازكردنی دەكرێت، لەوانە بوونی وەك دیارییەكی بێ بەرانبەر بۆ میلیشیاكانی ئێران بۆ شێواندنی دۆخی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كاتێك میلیشیاكان و حزبە شیعەكان خۆیان وەك بەرگریكار لە دۆزی فەلەستین پێشان دا.
ئەوانەی بەهۆی كۆنگرەكە هێرش دەكەنە سەر هەرێم، بۆ مەبەستی سیاسی و هەڵبژاردنە
ئەوەی رووی دا ئەو حزب و میلیشیایانەی نزیكن لە ئێرانەوە، سوودی زۆر لەو كۆنگرە دەبینن، وەك بانگەشەیەكی سیاسی بەر لە هەڵبژاردن و پەردە خستنە سەر پرس و باس و ئەو مەترسیانەی لەبارەی ساختەكاری و پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی چەك و چاوسووركردنەوە و كڕینی كارتی دەنگدان باسی لێوە دەكرێت، جیا لە تێكدانی ئەو لێكگەیشتنەی لە نێوان هەندێك هێزەكان هەیە، بەتایبەتی پێوەست بە كورد و سوننەوە، ئەویش لە رێگەی دەركردنی دەیان بەیاننامە لە دژی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل.

وەك رووكەش ئەوانەی بەشداریان لە كۆنگرەكە كرد كەسانێكی سوننەی نەیار بۆ دەسەڵاتی ئێران بوون، ئەگەرچی ویستیان نەیاری بۆ میلیشیاكان و خراپەكاریان لە ناوچەكانیان پێشان بدات، بەڵام دیارییەكی بێ بەرانبەریان پێشكەیشی ئەو میلیشیایانە كرد، بۆ تاوانباركردنی كورد و سوننە و دەرخستنی خۆیان وەك بەرگریكار لە دۆزی فەلەستین و نەیار بۆ ئیسرائیل لە لایەك و بۆ شاردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ ساختەكاری و كڕینی دەنگ و ناكۆكییەكانیان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، كە ئەوەیش سیاسەتێكی كۆنە.

ئەو كۆنگرەی لە هەولێر ساز كرا پێشتر بانگەشەی بۆ كرابوو و ماوەی سێ هەفتە چەندان كەسایەتی عێراق پێوەندیان بە سەرۆك هۆز و سیاسەتوان و چالاكی عێراقی لە شەش پارێزگا بە بەغدایشەوە كرد، بەوەی كەسایەتی نێودەوڵەتیش بەشداری بكەن، دەتوانن لەوێ باسی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی زیانكردوو لە داعش بكەن، بۆیە لە كۆی 500 كەسایەتی بانگهێشتنكراو، نزیكەی 300 كەس ئامادە بوون.

لە كەسایەتییە دیارەكانی بەشدار بوون لە سازكردنی كۆنگرەكە و وتاریان خوێندەوە، ویسام حەردان بوو، كەسایەتییەكی هۆزەكانی ئەنبارە و هاوپەیمانی پێشووی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، كە لە 2013 وەك سەرۆكی گشتی هێزەكانی سەحوە دایمەزراند، لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی شێخ ئەبو محەمەد، كە خەڵكی نەینەوایە، پێوەندیان بە بەشدارانی كۆنگرەكە كردووە، بۆیە تا ئێستە گومان لە هۆكاری راستەقینەی كۆنگرەكە لەو ساتەدا هەیە، چونكە فەلەستینییەكان لە دوای 2003 لە عێراق لەسەر دەستی ئەو میلیشیایانە دووچاری هەڵمەتی گرتن و دەركردن و ئازاردان هاتنەوە و بە پاساوی پاڵپشتیكردن لە سەدام حوسێن، ئەوانیان لە عێراق دەركرد، ئێستەیش باسی مافی زەوتكراوی ئەوان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكەن.

حەمزە ئەبو سووف، شارەزای تەناهی لە 2015 ئاماژەی كردووە، ئۆدین شوكر، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی جووەكانی ئەوروپا، كە كەسێكی بە رەگەز عێراقی بووە، كرایە بەرپرسی رێكخستنی پێوەندییەكانی بەغدا و تەلئەبیب، ئەو سەردانی بەغدای كرد و پەیامێكیشی گەیاندە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق. لە 2019یش كەناڵێكی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە سێ نێردە لە سەرانی عێراقی سەردانی ئیسرائیلیان كردووە و چاویان بە بەرپرسانی حكوومەتی ئەو وڵاتە كەوتووە. هەر لە 2019 باڵوێزی عێراق لە واشنتن رای گەیاند كە چەند هۆكارێكی بابەتیانە هەیە پێویست بە بوونی پێوەندی لە نێوان عێراق و ئیسرائیل دەكات.

ئەوەی پێوەست بە هەرێمی كوردستانە، دوێنێ د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم رای گەیاند كە هەرێم پابەندە بە چوارچێوەی گشتیی سیاسەتی دەرەوەی عێراق و هەڵوێستی هەرێم بەرانبەر بە ئیسرائیل و دۆزی فەلەستینی، پێوەستە بە دەستووری عێراقەوە.

لەو ناوەدا رێبین سەلام، توێژەری نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەولێر رێگە بە هەمووان دەدات بۆ سازكردنی چالاكی رۆشنبیری كۆڕ و كۆبوونەوەكانیان، واتە رێگری لە ئازادییەكان نییە، ئەوەی دەیزانین كۆنگرەكە لەلایەن رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بەناوی ئاشتییەوە ساز كراوە، بەڵام كە باسی ئاساییكردنەوە كراوە، ئەوە بە زانیاری حكوومەتی هەرێم نەبووە، جیا لەوە دەزگا تەناهییەكان چاودێری بەسەر ئەو كۆڕ و كۆبوونەوانە ناكەن، ئەوانەیشی بەو هۆیەوە هێرش دەكەنە سەر هەرێم و حكوومەتەكەی، بۆ مەبەستی سیاسی و هەڵبژاردنە، لەوكاتەی هیوا عوسمان، شارەزای سیاسی پێی وایە مەبەستی سازكردنی كۆنگرەكە تێوەگلانی هەولێرە بۆ راكێشانی هێرشەكانی ئێران و میلیشیاكان بۆ سەر هەرێم.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل