"ئەمەریكییەكان لە كێشەدان و سەرەتای كزبوونی ئەستێرەتی ئەمەریكایە"

:: PM:08:26:27/09/2021 ‌

بەهۆی ناڕوونیی سیاسەتەكانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و كشانەوەی سەربازی لە چەند ناوچەیەكی دنیا، بەشێك لە شارەزایان ئاماژە بۆ لاوازبوونی رۆڵی ئەمەریكا لە دنیا دەكەن، شارەزایەكی عێراقی ئاماژە دەكات كە ئەوەی دەیبینین سەرەتای كزبوونی ئەستێرەی ئەمەریكایە.

غەسان عەتیە، بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراق بۆ دیموكراسی و پەرەپێدان بە "وشە"ی گوت، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا  هەست بە بێهیوایی لەبارەی سەرانی ئەفغانستان و عێراق دەكات، ئەو دەڵێت ئێمە نەچووین بۆ ئەفغانستان بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەك، كەچی جۆرج دەبلیو بۆش كە هاتە عێراق گوتی ئێمە بۆ بنیاتنانی نەتەوە و دیوكراسی هاتووین، واتە ئەوان لەو ئامانجەیان پاشگەز بوونەتەوە.
سعوودیە هەست بەوە دەكات ناتوانێ بە تەواوەتی پشت بە ئەمەریكا ببەستێت
زیاتر گوتی، وەزیری بەرگری پێشووتری ئەمەریكا رای گەیاند كە ئێمە لە سەدام حوسێن رزگارمان كردن و ئەوەی ماوە لەسەر خۆتانە، كەچی ئەزموونەكەیان لە عێراق لەلایەن ئەمەریكا و ئەوروپا سەركۆنەكراوە و ئەزموونێكی شكستخواردووە، هەلێك هەبوو بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی هاوشێوەی باشووری ئەفریقیا یان كۆریای باشوور، بەڵام ئەوە رووی نەدا، هەڵەكەیش هەمووی هی ئەمەریكا نەبوو، بەڵكو بەشێكی لەئەستۆی ئێمەدایە وەك عێراقی.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، ئێستە ئەمەریكا بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەكاتەوە و تاكە جەمسەری دنیا نەماوە، وەك ئەوەی دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت رووی دا، ئێستە یاریزانی نوێ دەركەوتوون، ئێران هەست بەوە دەكات بەهۆی سزاكانی ئەمەریكاوە بەرەو چین و رووسیا و هیندستان پاڵی پێوە دەنێن، سعوودیە هەست بەوە دەكات ناتوانێ بە تەواوەتی پشت بە ئەمەریكا ببەستێت.

"ئەمەریكییەكان لە كێشەدان و ئەوەی دەیبینین سەرەتای كزبوونی ئەستێرەی ئەمەریكایە، ئەوە بە بۆچوونی ئەمەریكییەكانیشە نەوەك تەنیا خۆم، بۆیە دەبێ زیانەكان دابەش بكات، ئەو دەڵێت بۆچی لە ئەفغانستان زەرەر بكەین، زەلمای خەلیل زادە دەڵێت ئەوەی بووە هۆی گۆڕانكاری لە ئەفغانستان هەڵاتنی سەرۆكی ئەو وڵاتە بوو"، عەتیە وای گوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل