وەڵامی كڕین و فرۆشتنەكەی عەلی باپیر لەگەڵ خودا دەدرێتەوە

:: PM:01:34:28/09/2021 ‌
نووسەر و چاودێرێكی سیاسی لە وەڵامی عەلی باپیری سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان كە گوتبووی كاندیدەكانمان خۆیان بەخوا فرۆشتووە، ڕای دەگەیەنێت، ئەو قسانەی عەلی باپیر دەیكات تەفرەدانی خەڵكە بە قسەی درۆ.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی ئەیلوول، سۆران سێوەكانی نووسەر و چاودێری سیاسی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، لە وەڵامی قسەی عەلی باپیر كە ڕای گەیاندبوو، كاندیدەكانی ئێمە خۆیان بەخوا فرۆشتووە دەڵێت، كاندیدەكانی ئێمە خۆیان بەخوا فرۆشتووە بۆیە دەنگیان بدەنێ، ئەم تەفرەدانەی خەڵكی سادە بە قسەی درۆ، تاكەی؟.

ئەو نووسەرە باسی لەوەش كردووە، یەك جیاوازیی نێوان ئەحمەد ریشە "مەبەستی ئەحمەدی حاجی ڕەشیدە" و سەركەوت بێریش یان سۆران عومەر و وشیار عەبدوڵام بۆ باس بكە، بابڵێم "اللە صدق" راستگۆن.

ئەو وەڵامدانەوەی سەرۆكی كۆمەڵەی دادگەری لە كاتێكدایە، ئێستە ئەو حزبە لە ڕێی چەندان دروشمی ئاینی، دەیەوێت سەرنجی هاووڵاتییانی كوردستان بۆ خۆی ڕابكێشێت و دەنگ كۆ بكاتەوە.

بڕیارە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، كۆمەڵەی دادگەریش تەنیا پێنج كاندیدی هەیە و پێشبینیی دەرچوونی یەك بۆ دوو كاندیدی ئەو حزبە دەكرێ‌.



وشە - رامیار جەواد