حكوومەت پێویستییەكانی نەخۆشخانەی هیوا دابین دەكات

:: PM:02:21:28/09/2021 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستییەكانی نەخۆشخانەی هیوای سلێمانیی دابین كرد كە تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە و لە سەرانسەری عێراقەوە رووی تێدەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی ئەیلوول، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئاستێكی زۆرباش هاوكارە لە دابینكردنی پێویستییەكانی نەخۆشخانەی هیوا. پێویستییەكانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە، پێویستی بە بودجەی زیاتر و بەردەوام هەیە.
لە هەوڵداین بودجەی تەواو بۆ نەخۆشخانەكە دابین بكرێت

ئەو گوتی، "خەرجییەكانی نەخۆشخانەی هیوا لە زیادبووندان، لە هەوڵداین بودجەی تەواو بۆ نەخۆشخانەكە دابین بكرێت، تا خزمەتی نەخۆشان بكات كە لە سەرانسەری عێراقەوە رووی تێدەكەن."

هاوكات ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەكانی تری شێرپەنجە، هیچ گرفتێكیان نییە و پێویستە دەرمانیان بۆ تەرخان بكرێت. ئەوان لەلایەن حكوومەتەوە بودجەی مانگانەیان بۆ دابین كراوە و سندووقی تایبەتیشیان هەیە.

وەك زیاتر خستیەڕوو، جگە لە هاوكارییەكانی حكوومەت، وەزارەتیش بەردەوام لە خەمی دابینكردنی پێویستییەكان بووە و بەگشتی هاوكاری نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دەكرێت.

جێ باسە پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتكردنی نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە، بڕیاری دابوو مانگانە بودجەیەكیان بۆ تەرخان بكات و پشكی نەخۆشخانەی هیوا نزیكەی یەك ملیار دینار بوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان