كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ترسی هەیە: هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت

:: PM:08:46:28/09/2021 ‌

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بێتە سازكردن، واتە 12 رۆژی تر، لەوكاتەی هەڵمەتی بانگەشەی كاندیدان و قەوارە سیاسییەكان بەردەوامە، بەشێك لە شارەزایان ئاماژە دەكەن كە تا ئێستە ئەگەری دواخستنی پرۆسەكە هەیە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش دووپاتی ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە دەكاتەوە.

شارەزایان پێیان وایە تا ئێستە ئەگەری بەڕێوەچوونی پرۆسەكە 50%یە، چونكە بابەتەكە دەوەستێتە سەر رێككەوتنی هێزە سیاسییە كاریگەرەكان و رازیبوونیان بە ئەنجامی خۆیان و بەرانبەرەكەیان بە بردنەوە و دۆڕاندن، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعەدا، كە هەردوو لایەنی كێبەركێكار خاوەن چەك و میلیشیان، واتە رەوتی سەدر و هاوپەیمانی "فەتح".
هەڵبژاردنەكە و بەشداریكردنی خەڵك پێویستییە، چونكە چارەنووسی گەلێك دیاری دەكات
لەلایەكی تر پەرلەمانی عێراق، كە دەبێ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن خۆی هەڵوەشێنێتەوە، وادەی هەڵوەشانەوەی خستە دوو رۆژ پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی دواخستنی پەرلەمان لە كارەكانی بەردەوام بێت، لەلایەكی تر رەنگە گومان و ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكە هەبێت.

جومانە غلای، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق گوتی، هەموو رێوشوێنە یاسایی و هونەرییەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كۆتایی هاتووە، بۆیە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی بەڕێوە دەچێت و كۆمسیۆن ئامادەیە و پابەندە بە وادەی دەنگدانەوە. 

گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژەی كرد كە هەڵبژاردنەكە پێویستییە و بەشداریكردنی خەڵكیش پێویستییە، چونكە چارەنووسی گەلێك دیاری دەكات، پرۆسەكە بەپێی میكانیزمی نوێ بەڕێوە دەچێت، كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا نەبووە، ئەوەیش بۆ مسۆگەركردنی پاكیی هەڵبژاردنەكە، بۆیە پێویستە دەنگدەران بە فراوانی بەشداری تیادا بكەن و هەر ئەوەیش پێشبنی دەكەین.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل