تا كۆتایی ئەمساڵ پێوەری زیرەكی كارەبا لە تەواوی كوردستان دەبەسترێت

:: AM:10:26:14/10/2021 ‌
دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا گەیشتە زیاتر یەك ملیۆن پێوەر و تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی بەرهەمی كارەبا و كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوون و ئامانج لێی ئەوەیە كارەبای نیشتمانی بگاتە 24 سەعات.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، گرێدانی پێوەری زیرەكی كارەبا بەردەوامە و ئێستە گەیشتووەتە زیاتر لە یەك ملیۆن پێوەر، بەردەوامیشن لە دانانی تا كۆتایی ئەمساڵ، پێوەری زیرەك لە ھەموو ماڵەكان دەبەسترێت، چونكە بڕیاری حكوومەتە و سوورە لەسەر جێبەجێكردنی.
رژدبوونی حكوومەت بۆ ئەوەیە بارگرانی لەسەر كارەبا نەمێنێت

ئەو گوتی، رژدبوونی حكوومەت بۆ ئەوەیە بارگرانی لەسەر كارەبا نەمێنێت و كارەبا بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە و زیاد بكرێت. بەشێك لەو پێوەرانەی ئێستە كار دەكەن، كاریگەرییان بۆ سەر گەڕاندنەوەی وزەی كارەبا هەبووە، پێشبینی دەكرێ بڕی زیاتری كارەبا بگەڕێتەوە و لە وەرزی زستانی ئەمساڵ كاریگەرییەكانی زیاتر دەردەكەون.

پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پڕۆژەیە، سوودی لە كەرتی تایبەت وەرگرتووە. كەرتی تایبەت رۆڵی هەیە لە كۆكردنەوەی داهات و گەڕاندنەوەی وزە، سەرجەم داهاتەكان دەگەڕێنەوە خەزێنەی حكوومەت و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت تەنیا كرێی كاركردنیان وەردەگرن.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم



وشە - سلێمان تاشان