بۆ كێشەی گرانیی نرخی بەنزین پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: PM:01:13:24/10/2021 ‌
بڕیارە ڕۆژی سێشەم پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین كۆ ببێتەوە، پرسی سێ‌ یەكەمەكەی زانكۆ و پەیمانگەكان و كێشەی مامۆستایانی وانەبێژیش باس دەكرێ‌.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی تشرینی یەكەم، سامان ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژی سێشەم پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە پرسی سێ‌ یەكەمەكان
زیاتر گوتی، تەوەری كۆبوونەوەكە چەند بابەتێك لەخۆ دەگرێت، وەك خستنەڕووی بەدواداچوونەكانی تایبەت بە دۆخی سووتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار، لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی.

باسی لەوەش كرد، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە پرسی سێ‌ یەكەمەكان، وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لیژنەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە، ڕۆژی سێی ئەیلوول دوا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بوو، تا ئێستە هیچ كۆبوونەوەیەكی تری ئەنجام نەدراوە، ئەوەیش بەهۆی هاتنە پێشی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.



وشە - رامیار جەواد