ئۆمیكرۆن.. ناشیرینترین رووی كۆرۆنا چەند مەترسیدارە؟

:: PM:04:55:27/11/2021 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتای 2019 لە ووهانی چینەوە سەری هەڵدا و تا ئێستەیش نەیهێشتووە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەناسەیەكی حەسانەوە هەڵبمژێت، رۆژانە لە میدیاكان ئاماری تووشبوو و قوربانیان بڵاو دەكرێتەوە، سەرەڕای بەردەستبوونی ڤاكسین و توانای سستكردنەوەی خێرایی كاری ڤایرۆسەكە، بەڵام كۆرۆنا لە بازدان و خۆگۆڕین بەردەوامە، لەم رۆژانە دوایین تیرەی لە ئەفریقیا دۆزرایەوە، بەڵام چەند مەترسیدارە؟

دوێنێ هەینی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دۆزینەوەی تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەناوی ئۆمیكرۆن لە باشووری ئەفریقیا راگەیاند، كە بووەتە مایەی نیگەرانی، لە 24ی ئەم مانگە بوونی ئاشكرا بوو و چەندان بازدان لەخۆ دەگرێت، هەندێكیان مایەی نیگەرانین، ژمارەیەك وڵاتی دنیا گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ ئەو وڵاتە و چەند وڵاتێكی تری ئەفریقیا لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی تیرە نوێیەكە راگرت، وەك یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا، ئەوەیش لەسەر رێنوێنی د. ئەنتۆنی فاوچی و ناوەندی كۆنترۆلی نەخۆشییەكانی ئەمەریكا. 
دەركەوتنی زانیاری تەواو لەبارەی تیرە نوێیەكە پێویستی بە چەند هەفتە یان مانگ هەیە
لەوكاتەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند كە رێنوێنی وەستاندنی گەشتەكان بۆ ئەو وڵاتانە ناكات، بەهۆی نەبوونی زانیاری تەواو لەبارەی ئاستی مەترسیدارییەكەی، بەڵام چەندان وڵاتی دنیا وەك خۆپارێزی گەشتەكانیان بۆ باشووری ئەفریقیا و نامیبیا و زیمبابوێ و بۆتسوانا و لیسۆتۆ و ئیسواتینی و مۆزەنبیق وەستاند، بەڵام ئەو تیرە نوێیە چییە و چەند مەترسیدارە؟

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەو تیرە نوێیەی كۆرۆنای كە بۆ یەكەمجار لە باشووری ئەفریقیا دۆزرایەوە، بە هێمای "B.1.1.529"، پۆلێن كرد، دوای ئەوە بە ناوی ئۆمیكرۆن هاتە ناساندن و ئاستی مەترسیداریشی بە نیگەرانكار دانرا، شارەزایان لەبارەی ئەو تیرە نوێیە دەڵێن ژمارەیەكی زۆر بازدان لەخۆ دەگرێت، كە هەندێكیان مایەی نیگەرانین، ئەو دووهێندی گۆڕانكانی تیرەی دەلتایە، بەتایبەتی پێوەست بە خۆلادان لە وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری لەش بەرانبەر بە تیرەكانی پێشوو و ڤاكسینەكانیش، هەروەها پێوەست بە زیادبوونی توانای تووشكردن. 

زەنگی مەترسی ئەم تیرە بۆ یەكەمجار لە سەعات 2:00ی دوای نیوەڕۆی 23ی ئەم مانگە لە باشووری ئەفریقیا لێ درا، نموونەی تری ئەو تیرە لە 24ی ئەم مانگە لە بۆتسوانا و چین دۆزرایەوە، لەو گەشتیارانەی لە باشووری ئەفریقیاوە بۆیان چووبوون، لە 26ی ئەم مانگە ژمارەیەكی زۆری گەشتیارانی بیانی هەوڵی رۆیشتن لەو وڵاتە دەدەن، شارەزایان لەبارەی ئاستی نیگەرانی ڤایرۆسەكە دەڵێن، ئەو تیرە نوێیە پرۆتینی سیایكی تیادایە، كە بەتەواوەتی لە پرۆتینی ڤایرۆسی كۆرۆنا جیاوازە كە زۆرینەی ڤاكسینەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دروست كراون.  

ئەو پرۆتینە بەرپرسە لە دروستبوونی نووكە دڕكاوییەكانی سەر رووی دەرەوەی ڤایرۆسەكە، كە شێوەیەكی تاجی پێ بەخشیوە، ئەوان بەرپرسن لە پرۆسەی نووسانی ڤایرۆسەكە بە خانەكانی لەشی مرۆڤ و داگیركردنیان، تیرەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن 32 بازدانی لەخۆ گرتووە، ئەوەی وا دەكات بە زەحمەتی لەلایەن خانەكانی بەرگری لەشەوە تێبینی بكرێت، بۆیە لەكاتی هێرشكردنەن سەر لەش بەشێوەیەكی جیاواز رەفتار دەكات.

تۆم بیكۆك، زانای ڤایرۆسزانی لە ئیمپریال كۆلێج لە لەندەن دەڵێت، بازدانی زۆری تیرە نوێیەكە سەرچاوەیەكی گەورەی نیگەرانییە، ئەو 32 بازدانەی لە پرۆتینی سپایك دۆزراونەتەوە، كە كەوتووەتە سەر رووی دەرەوەی لەشی ڤایرۆسەكە، توانای بەئاسانی دەربازبوونی لە سیستمی بەرگری لەشی پێ دەبەخشێت، ئەوەیش وا دەكات بەخێرایی بڵاو ببێتەوە، بۆیە زۆری بازدانەكانی ئەو ڤایرۆسە، وای كردووە لەهەر تیرەیەكی پێشخۆی خێراتر بڵاو ببێتەوە. 

كاتێك زانایان سەرنجی بازدانەكانیان دا، دركیان بەوە كرد ئەگەرێكی زۆر هەیە بۆ زیادبوونی تواناكانی بۆ خۆدەربازكردن لە بەرگری لەش و بڵاوبوونەوە، بۆیە دەكرێ ئەو تیرە نوێیە توانای بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو كەسانەی هەبێت كە بەرگریان هەبێت، كە بەهۆی ڤاكسین یان دوای تووشبوون بە پەتاكەوە یان هەردووكیانەوە بووبێت.

ئەوەی زیاتر زانایان نیگەران دەكات، دەركەوتنی توانای دەربازبوونی تەواوەتیی تیرە نوێیەكەیە لە سیستمی بەرگری لەش، چونكە بەرگری بەكۆمەڵمان بەهۆی تیرەی دەلتاوە تووشی زیان هات، زانایان مەترسی رژدیان هەیە لەوەی ئەو زیانە لە حاڵەتی تیرە نوێیەكە خراپتر بێت، بۆیە ئەگەر بابەتەكە راست دەرچوو، ئەوكات دەبێت بیر لە بەرهەمهێنانی ڤاكسینی تر بكەینەوە، ئەگەری هەیە ئەوەیش پێویستی بە كاتێكی زیاتر هەبێت بۆ پەرەپێدانی. 

بۆ دەركەوتنی زانیاری تەواوەتی لەبارەی ئاستی مەترسیداری ئەو تیرە نوێیە، رەنگە هەفتەیەكی بوێت، لەوكاتەی بەرپرسانی تەندروستی بەریتانیا پێشبینی چەند هەفتەیەك دەكەن، رەنگە مانگێك یان چەند مانگێك بخایەنێت، بەگشتی ئەو بازدانە كتوپڕانەی ڤایرۆسەكان وایان لێ دەكات بتوانن خۆیان لەگەڵ دەرمان و ڤاكسینەكان بگونجێنن و دڕندانەتر ببن، كاتێك توانای باشتری دەربازبوونیان لە سیستمی سروشتیی بەرگی لەش یان بەرگری ڤاكسینەكانەوە دەبێت، بۆیە ئێستە دنیا خۆی لەبەردەم دڕندانەترین تیرەی كۆرۆنا دەبینێتەوە، كە پێویستە بۆ ئەوەی نەگەینەوە چوارگۆشەی یەكەمی سەرهەڵدانی پەتاكە، خێراتر رووبەڕووی ببینەوە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل