توێژینەوەكان و تووشبووان لەبارەی مەترسی ئۆمیكرۆن چی دەڵێن؟

:: PM:06:11:05/12/2021 ‌

دوای دەركەوتنی تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەناوی ئۆمیكرۆن، كە شارەزایانی تەندروەستی وەك تیرەیەكی مەترسیدارتر لە دەلتا پلەس ئاماژەیان بۆی كرد، تا ئاستێك لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو دەبێتە تیرەی زاڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیادا، توێژینەوە و پزیشكان دوو هەواڵی خۆشیان لەبارەی ئۆمیكرۆنەوە باس كرد.
ئۆمیكرۆن هەڕەشە لە ژیان ناكات
توێژینەوەیەكی نوێ پێشبینی دەكات ئەو تیرە نوێیەی كۆرۆنا زیاتر بڵاو ببێتەوە، چونكە بازدانی بەسەردا هاتووە، بە شێوەیەك مادەی بۆماوەیی لە ڤایرۆسێكی تر وەرگرتووە كە مرۆڤ تووشی سەرمابردوویی دەكات، توێژەرانی ئەمەریكا لە كۆمپانیای " Nference"ی تایبەت بە شیكردنەوەی داتاكان، زنجیرەی بۆماوەیی تیرە نوێیەكەیان شی كردووتەوە، و بەشێكی لە پەرلەی بۆماوەیی ڤایرۆسی سەرمابردووییان دۆزیەوەتەوە.

توێژەران دەڵێن ئۆمیكرۆن هاوكات مرۆڤ تووشی هەردوو ڤایرۆسی كۆرۆنا (SARS-CoV-2) و سەرمابردوویی (HCoV-229E)، دەكات، بۆیە توێژەران پێیان وایە راستە ئۆمیكرۆن توانای زیاتری بۆ تەشەنەكردن دەبێت، بەڵام مەترسییەكەی كەمتر دەبێت بە بەراورد بە تیرەكانی پێشووی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لەلایەكی تر پزیشكێكی هیندی ئەزموونی خۆی لەبارەی تووشبوونی بە ئۆمیكرۆن دەگێڕێتەوە، ئەو خەڵكەكە لە مەترسیداری و توندی نیشانەكانی دڵنیا دەكاتەوە، ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات  تووشی ئازاری جەستە و لەرز و سەرسووڕان و تا تا 38.5 پلەی سەتی بۆ ماوەی سێ رۆژ دوای تووشبوون بووە، بەڵام سەختیی هەناسەدان و كەمی رێژەی ئۆكسجین لە خوێنیدا نەبووە و هەستی بە خراپیی دۆخی نەكردووە، بۆیە دووپاتی كردەوە كە ئۆمیكرۆن هەڕەشە لە ژیان ناكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل