سەرانی براوە و دۆڕاوی شیعە لە نەجەف كۆ دەبنەوە

:: PM:08:08:06/12/2021 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەوەی تا ئێستە دادگای فیدرال ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسند نەكردووە، دیداری لایەنە براوە و دۆڕاوی شیعە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەر لە پەسندكردنی ئەنجامەكان بەردەوامە، لەو ناوەدا بڕیارە سبەی سێشەم لە نەجەف جارێكی تر كۆ ببنەوە.

لە ماوەی رابردوو موقتەدا سەدر سەردانی بەغدای كرد و لە ماڵی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لەگەڵ هەریەك لە نووری مالیكی و قەیس خەزعەلی و فالح فەیاز و عەمار حەكیم كۆ بووەوە، ئەگەرچی ئەوان بەهیچ رێككەوتنێك نەگەیشتن، بەڵام بۆ یەكەمجار بوو سەدر و مالیكی بەیەكەوە بەشداری كۆبوونەویەك بكەن، كە باسی ئەوە دەكرێت بە گوشاری ئێران ساز كراوە.
كۆبوونەوەكە بۆ رازیكردنی سەدرە بە رێككەوتن لەبارەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو و پێكهێنانی حكوومەت
فەلاح خەفاجی، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر، یەكێك لە هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەو هێزانەی كورسییەكی زۆری پەرلەمانیان لەو هەڵبژاردنە لەدەست دا، گوتی، بڕیارە سبەی سێشەم سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە حەنانە لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆ ببنەوە.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێك دەهێنرێت، ئەو لیژنانە چەندان لقیان دەبێت و هەریەكەیان تایبەت دەبێت بە دۆسیەیەكی دیاریكراو، ئەوەیش بە ئامانجی پەلەكردن لە چارەسەركردنی هەموو ناكۆكییەكانی سیاسی و هەڵبژاردن كە هەیە، هەروەها ئەو لیژنانە بەرپرس دەبن لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو. 

لای خۆیەوە عیسام حوسێن، سەركردە لە رەوتی سەدر گوتی، كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەدر لە حەنانە، بەمەبەستی رازیكردنی سەدرە بە سازان و رێككەوتن لەگەڵیاندا لەبارەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بۆیە پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش دەوەستێتە سەر ئەنجامی كۆبوونەوەكانی هەردوولا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل