تەندروستی جیهانی: كۆرۆنای جۆری ئۆمیكرۆن لە دێلتا مەترسیدارتر نییە

:: AM:10:07:08/12/2021 ‌
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بە فەرمی بڵاوی كردەوە، هیچ بەڵگە و نیشانەیەك لە بەردەستدا نییە كە بیسەلمێنێت كۆرۆنای جۆری نوێی ئۆمیكرۆن لە جۆری دێلتا مەترسیدارتر بێت.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، هیچ بەڵگەیەكیش نییە ئەوە دەربخات ئەو پێكوتانەی بەرهەم هاتوون، توانای بەرگری بەرانبەر ڤایرۆسە نوێیەكەیان نەبێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، پێشتریش دكتۆر ئەنتۆنی فاوچی راوێژكاری پزیشكیی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، بە تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن"ی گوتبوو، هەرچەندە زانایان پێویستیان بە كاتی زیاتر هەیە تا لەبارەی ئۆمیكرۆن بڕیار بدەن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بەتایبەتی لە ئەفریقای باشوور بڵاو كراونەتەوە، مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە زۆر نین و خەڵكێكی كەم لە نەخۆشخانە خەوێنراون.

پێ ناچێت مەترسییەكانی ئۆمیكرۆن زۆر بن


ئەو گوتوویەتی، تا ئێستە پێ ناچێت مەترسییەكانی ئۆمیكرۆن زۆر بن و بۆ بڕیاردان لەوەی جیاوازییەكانی ئەو ڤایرۆسە لەگەڵ دێلتا چین، پێویست دەكات لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت.

جێی باسە سەرەتا كاتێك سەرهەڵدانی ئۆمیكرۆن راگەیەنرا، ترسی زیاتر بڵاو بووەوە و راستەوخۆ كاریگەری خستە سەر بازاڕەكانی دنیا و 10 دۆلار لە نرخی نەوتی دابەزاند. بەڵام ئەم هەواڵە خۆشانە خەریكە دۆخەكە ئاسایی دەكەنەوە، لەم هەفتەیەدا نرخی نەوت نزیكەی پێنج دۆلار هەڵكشاوەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان