دەسكەوتێكی تری كابینەی نۆ.. بەنداوی دێوانە تەواو دەبێت‎‎

:: PM:07:02:20/01/2022 ‌

بەنداوی دێوانە، سێیەم گەورەترین بەنداوە لە هەرێمی كوردستان دوای بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان، لە 2010 بڕیاری جێبەجێكردنی درا و پڕۆژەكە پێنج جار بە هۆكاری جیاوازەوە وەستا، ساڵی رابردوو دوو ملیار دیناری لەلایەن كابینەی نۆوە بۆ تەرخان كرا بە مەبەستی تەواوكردن و گلدانەوەی ئاو تیایدا، بڕیارە مانگێكی تر سەرجەم كارەكانی تەواو ببێت.

هەژار مەجید، بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی بەنداوی دێوانە، بە"وشە" گوت، وەك كۆمپانیای"هۆڤار و هاڤیتا"، نزیكەی ساڵێكە كار لەم بەنداوە دەكەین، دوای ئەوەی خۆشبەختانە لەلایەن كابینەی نۆوە بڕە پارەیەكی باش و پێویست بۆ بەنداوەكە تەرخان كرا، ئێستە بەو بڕە پارەیە هەموو كارەكانی تەواو بووە و مانگێكی تر پڕۆژەكە تەواو دەبێ و بەنداوەكە ئامادە دەبێت بۆ گلدانەوەی ئاو.

زیاتر گوتی، دەبێت ئیدارەی شارەكە و شارەوانی كار لەسەر ئەوە بكەن كە كارگەكانی دەوروبەری ئەو بەنداوە هیچ پاشەڕۆیەك فڕێ نەدەنە ناو بەنداوەكە، چونكە گەورەترین زیانی بۆ بەنداوەكە دەبێ و ئەوكات هیچ سوودێكی لێ نابینین.

هاوكات رەحمانی خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەمبارەیەوە بە"وشە"ی گوت، بەنداوی دێوانە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی حكوومەت لە شارۆكەی دەربەندیخان و ئێستە بەنداوەكە كارەكانی تەواو بووە، بەڵام پێ دەچێت بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفر و باران و سەرماوە، كارەكانی تەنگژەی بۆ دروست ببێت.
تێچووی دروستكردنی 24 ملیار دینارە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە
روونی كردەوە، خۆشەبەختانە ئێستە بەنداوەكە هیچ كێشەیەكی بودجە و پارەی نییە، پاشان بڕی پێویستی پارەی لەم كابینەیە بۆ تەرخان كراوە.

ئەمە و ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی بەنداوەكانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاندبوو، بەنداوی دیوانە پێویستی بە تەرخانكردنی برێك بودجەی تر هەیە بۆ تەواوكردنی كارەكانی، بۆیە ناتوانرێت ئاوی تیادا گل بدرێتەوە، ئەو هۆكاری تەواو نەكردنی بەنداوەكەی بۆ بێ كوالیتی كەرەستە و ئامێرەكان و كەمتەرخەمی گەڕاندەوە، بەڵام خۆشەبەختانە ئێستە بەنداوەكە هیچ كێشەیەكی بودجە و پارەی نییە و بری پێویستی پارەی لەم كابینەیە بۆ تەرخان كراوە.

هاوكات ئاشكرای كردبوو كە هەر لەو سنوورە پێشنیازی دروستكردنی هەشت بەنداوی ترمان داوەتە حكوومەت، ئەوەیش بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی ئاو و گلدانەوەی زیاتری ئاو بۆ سوودمەندبوون لەكاتی پێویستی و دروست نەبوونی تەنگژەی ئاو.

جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئەو بەنداوە لای هاووڵاتییانی دەڤەرەكە رەنگدانەوەی هەبوو، توانا هادی هاووڵاتییەكی دانیشتووی دەربەندیخانە بە "وشە"دەڵێت، سوپاسی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە، بە دەسكەوتێكی گرنگی كابینەكەی دەزانن، هیوامان وایە جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە بەردەوام بێت و چیتر شارەكەمان پشتگوێ نەخرێت و ئاوڕمان لێ بدرێتەوە.

ئەو هلاووڵاتییە زیاتر گوەتی، دەبوایە شارەوانی و ئیدارەی شارەكە زووتر بیریان لەوە بكرادایەتەوە كە رێڕەوی ئاوەڕۆی شارەكە و پاشماوەی كارگە و ناوچەی پیشەسازی بگۆڕن و لە بەنداوەكەی دوور بخەنەوە، كە هۆكارە پیسبوون و زیانگەیاندنە بەو ئاوەی تیایدا گل دەدرێتەوە.

"نزیكەی 12 ساڵە لە كابینەكانی پێشوودا هەر جارە و بە بیانوویەك پڕۆژەكە كەمتەرخەمی تێدا دەكرا و كارەكانی رادەوەستا، بەڵام ئێستە لە كابینەی نۆ زۆر بە رژدی كاری تێدا دەكرێت و كارەكانی بە تۆكمەیی جێبەجێ دەكرێت"، هاووڵاتییەكەی دەربەندیخان وای گوت.

بۆ زانیاری زیاتر "وشە"پێوەندی بە هەریەك لە حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سلێمان سەعید، قایمقامی شارۆكەی دەربەندیخان كرد، هەردووكیان ئاماژەیان بەوە كرد كە بەنداوەكە هیچ گرفتێكی ئەوتۆی نییە و لە كۆتا قۆناغی كارەكانیدایە.

شایەنی باسە بەنداوی دێوانە دەكەوێتە باشووری شارۆكەی دەربەندیخان، 42 مەتر بەرز و 260 مەتر پانە، تێچووی دروستكردنی 24 ملیار دینارە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە 2010 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە، تا ئێستە پێنج جار بە هۆكاری جیاواز كاركردن تیایدا وەستاوە، لە 2013 بەهۆی شەپۆلێكی لافاوەوە خاپوور بوو، لە 2018 دووبارە دەست بە كاركردن تیایدا كرایەوە و لە 2019 بە بیانووی نەبوونی "گڵ"ی شیاو بۆ پڕۆژەكە، بۆ ماوەیەكی زۆر كاركردن تیایدا وەستایەوە. 

لە 23ی ئەیلوولی 2021 بڕی دوو ملیار دیناری لەلایەن كابینەی نۆوە بۆ تەرخان كرا بە مەبەستی تەواوكردن و گلدانەوەی ئاو تیایدا، بە گوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكار  مانگێكی تر كارەكانی تەواو دەبێت، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوەیش سوودی زۆری بۆ كەرتەكانی كارەبا و ئاو و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و سامانی ماسی و ئاوی ژێرزەوی لە سنووركە دەبێت، جیا لە سوودی گشتی بۆ هەرێمی كوردستان.

شارەزوور/ ئاسان محەمەد









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل