بۆچی مرۆڤ تووشی راچڵەكان و وەستانی مووی لەشی دبێتەوە؟

:: PM:09:29:22/06/2022 ‌

ئەو كاتەی شنەبایەكی سارد بەر لەشت دەكەوێت، یان هەستی سۆزداری یان دەروونیت لەبەر هەر هۆكارێك، وەك خۆشەویستی  یان میوزیك و ترس دەرووژێت، تووشی راچڵەكانێكی سووكی دەست و شانەكان دەبیتەوە، هاوكات پێستت زبر بە هاوشێوەی پێستی مریشكی لێ دێت، بەڵام بۆچی؟ 

راچڵەكان حاڵەتێكە بۆ ماوەیەكی كورت مووی لەشت رەق دەوەستێت، ئەوەیش بەهۆی گرژبوونی ماسولكەكانی رەگی مووەكە، هۆكاری ئەوەیش وەڵامدانەوەیەكی خۆنەویستانەی كۆئەندامی دەماری سەمپەساوییە بەهۆی سەرما یان ترس یان هەر شتێك یان گۆڕانكارییەكی كتوپڕ و لەناكان رووبدات، ئەو راچڵەكانەیش دوو فەرمانی هەیە، كە رەنگە مرۆڤی نوێ، كە لەشی بەتەواوەتی بە موو دانەپۆشراوە، سوودی لێ نەبینێت. 
تێبینی دەكرێت ئەو لەرز و راچڵەكانە هەستێكی خۆشی لەگەڵدایە
د. كیس رۆش، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو دەڵێت، یەكەم فەرمان پاراستنی هەستكردنی لەشە بە گەرمی، كە ئێستە بەهۆی جلوبەرگی ئەستوورەوە ئەو سوودەی نەماوە، لە هەندێك جۆری ئاژەڵ بە هەمان شێوە بۆ گەرمكردنەوە لەكاتی سەرمادا، دووەمیش وەك كاردانەوەیەكە بۆ ترس، هەندێك ئاژەڵ لە كاتی ترسدا پەڕ یان مووی لەشی دەوەستێت و قەبارەی گەورەتر دەردەكەوێت و دوژمنی دەترسێنێت. 

رەنگە مرۆڤ لە كاتی هەڵچوونی بەهێز یان سەیركردنی فیلمێك یان گۆڕانییەك كاریگەر بێت و ئەوە رووبدات، ئەو پزیشكە دەڵێت، ئەوەی جێی تێبینییە هەندێك گۆڕانی یان فیلم رەنگە ئەو راچڵەكاندنە دروست بكەن.

میچڵ كۆلفەر، شارەزای دەروونناسی و میوزیك دەڵێت، بۆ ئەوەی لەو بابەتە تێبگەین، پێویستە ئەوە بزانین مرۆڤ دوو مێشكی هەیە، مێشكی كاردانەوە و مێشكی بیركردنەوە، ئەوان بە شێوازی جیاواز وەڵامی شت و رووداوەكانی دەوروبەر دەدەنەوە، یەكەمیان سەرەتاییە، لە كاتی هەستكردن بە مەترسی چالاك دەبێت و وەڵام دەداتەوە، بە هەمان شێوە میوزیك و هەستان و دابەزینەكانی، واتە ئەو جۆرە مێشكە ئەوانەیش بە شتی نائاسایی دەخوێنێتەوە و كاردانەوەی بەرانبەریان دەبێت.

بەڵام دوای چەند چركەیەك، مێشكی بیركەرەوە دێتە سەر خەت و دۆخەكە راست دەكاتەوە و تێدەگات كە ئەوانە میوزیكن و هەڕەشە نین، بۆیە راچڵەكانەكە نامێنێت. 

شتێكی تر دوای ئەو راچڵەكانە مرۆڤ هەست بە خۆشی دەكات، هۆكارەكەیشی ئەوەیە، كاتێك مێشك لەوە تێدەگات كە مەترسییەك نییە و بەپێچەوانەوە شتێكی خۆشە، بۆیە مادەی دۆبامین دەردەدرێت، كە هۆرمۆنی بەرپرسە لە هەستكردن بە خۆشی لە لەش، هەر بۆیەیش تێبینی دەكرێت ئەو لەرز و راچڵەكانە هەستێكی خۆشی لەگەڵدایە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل