زانكۆی سەڵاحەدین ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌رده‌بڕێت

:: PM:06:30:29/03/2017 ‌
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین رای گەیاند، بریاریانداوە سبەی پێنجشەم یاداشتێكی ناڕەزایی لەبارەی بریارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەژمارنەكردنی نمرەی وانەی كوردی و عەرەبی بۆ ئەو خوێندكارانەی لەبەشە زانستییەكان وەردەگیرێن پێشكەش بكەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشتر بریاریدابوو كە وانەی زمانی كوردی و عەرەبی بۆ خوێندكارانی بەشە زانستییەكان هەژمار نەكرێت و ئەوەش كاردانەوە و خۆپیشاندانی پسپۆر و مامۆستا و خوێندكارانی بەدواداهات.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ی ئاداری 2017 د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بە"وشە"ی راگەیاند، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بریاریانداوە سبەی پێنجشەم یاداشتێكی ناڕەزای پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

زیاتر گوتی، یاداشتەكە لەسەر بریاری كۆلیژنەكانی زانكۆی سەلاحەدینە و لەیاداشتەكەدا داوامانكردووە كە وەزارەت بەو بریارەدا بچێتەوە و گۆڕانكاری تێدا بكاتەوە.

سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین ئاماژەیدا، بریاری هەژمارنەكردنی نمرەی وانەی كوردی و عەرەبی بۆ ئەو خوێندكارانەی لەبەشە زانستییەكان وەردەگیرێن كتوپڕ بوە و پێشتر هیچ گفتوگۆیەگی لەسەر نەكراوە، بۆیە پێویست بوو پێشتر پرس بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە رۆژی یەكشەمی رابردوو خۆپیشاندانێكی فراوان لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی لەدژی ئەو بریارە بەرێوەچوو، بەڵام وەزارەتی ناوبراو سوربوونی خۆی لەسەر جێبەجێ‌ كردنی بریارەكە نیشاندا.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم