تیۆری بونیادگەرایی لە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا

:: PM:03:37:25/06/2022 ‌
پێشەکی

ئامانجی تیۆری و قوتابخانەکانی پێوەندی نێودەوڵەتی، هەوڵدانە بۆ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی دیاردە سیاسییەکان و پێوەندییەکانی نێوان وڵاتان، بە ئامانجی زانینی هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت ئەو ڕووداوانەی لە نێوانیاندا ڕوو دەدەن، بەم شێوەیە هەوڵ دەدرێ پێشبینی ڕەوتی ئەم پێوەندییانە بکرێت لە ئایندەدا.

دەتوانرێت بونیادگەرایی بە رێبازێک هەژمار بکرێت نەک بە تیۆری، چونکە رێبازێکی فکرییە کە میتۆدێک بۆ لێکۆڵینەوە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە دابین دەکات.

پێش هەشتاکانی سەدەی بیستەم، ڕەوتێکی ئێپیستمۆلۆجی (مەعریفەتناسی - زانین) و فەلسەفی بوو کە سەرنجی لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی ماناکان لە مرۆڤدا بوو لە چوارچێوەی کارلێکی نێوان ئەزموون و بیرۆکەکانیاندا. رێبازێکە وا دەکات توێژەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بناغەی تیۆری بۆ دیاردەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی دابنێت و بتوانێت پێشبینی بکات.

سەرهەڵدان

دەرکەوتنی بونیادگەرایی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێوەندییەکی نزیکی بە کۆتاهاتنی جەنگی ساردی نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەتەوە هەیە، ڕووداوێک کە تیۆرییە نەریتییەکانی وەک ڕیالیزم و لیبراڵیزم نەیانتوانی ڕوونی بکەنەوە. ئەم شکستە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بنەماکانی ئەم تیۆرییانە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە پێوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان، بە پلەی یەکەم لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی نەتەوەیی چڕ دەبوونەوە.


مانای زارەکی

وشەی "بونیادگەرایی " لە " بیناسازی یان  پێکهاتە" وەرگیراوە، بە واتای شێوازی دروستکردنی بینایەک دێت.


بونیادگەرایی وەک تیۆرێکی کۆمەڵایەتی 

وەک زۆرێک لە تیۆرییەکانی پێوەندی نێودەوڵەتی، بونیادگەرایی پێش ئەوەی لەو بوارەدا بەکار بهێنرێت، وەک تیۆرێکی کۆمەڵایەتی سەری هەڵداوە، بۆیە زۆر پێویستە پێداچوونەوە بە بنەما کۆمەڵایەتییەکانیدا بکرێت بۆ ئەوەی لە دیدی خۆی بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێبگات.
بونیادگەرایی دەڵێت، پێوەندییەکانی مرۆڤ لە (بیرۆکە) پێکهاتوون نەک تەنیا لە بارودۆخی مادی یاخۆ توخمەکانی دەسەڵات. 
بۆ بونیادگەرایی جیهانی کۆمەڵایەتی شتێکی دیاریکراو نییە بە تەنیا، واتە شتێک نییە لە شوێنێکدا بوونی هەبێت و سەربەخۆ بێت، بەدەر لە بیرۆکە و بۆچوونی ئەو کەسانەی تێیدا بەشدارن. 

بونیادگەرایی زیاتر گرنگی بە هۆشیاری مرۆڤ و ئەو ڕۆڵە دەدات کە لە کاروباری نێودەوڵەتیدا دەیگێڕێت

واقیعێکی دەرەکی نییە کە یاساکانی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بدۆزرێتەوە یان لە ڕێی تیۆری زانستییەوە ڕوون بکرێتەوە، وەک ڕەفتارناسەکان.

جیهانی کۆمەڵایەتی جیهانێکە لە هۆشیاری مرۆڤ، لە ئایدیا و بیروباوەڕەکان، لە پرەنسیپ و زمانەکان، لە نیشانە و چەمکە باوەکانی ناو مرۆڤگەل، بە تایبەت لەناو گرووپەكانی مرۆیی، وەک نەتەوە و دەوڵەتەکان پێکهاتووە. جیهانی کۆمەڵایەتی کایەی سوبژێکتیڤیتی (subjective - زەینییەت) هاوبەشە، کە تێیدا مانای هەیە بۆ ئەو کەسانەی دروستیان کردووە و لە ناویدا دەژین، بە وردی لێی تێدەگەن، چونکە ئەوان دروستیان کردووە و وایان لێ دەکات هەست بە سەربەخۆیی و ئاسایش بکەن.

چەمکی تیۆری بونیادگەرایی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان: 

بونیادگەرایی زیاتر گرنگی بە هۆشیاری مرۆڤ و ئەو ڕۆڵە دەدات کە لە کاروباری نێودەوڵەتیدا دەیگێڕێت، بە پێچەوانەی تیۆرەکانی تر بە تایبەتی (نیوڕیالیزم) کە تیشک دەخاتە سەر لایەنی مادی و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵات لە توانا سەربازی و ئابوورییەکانەوە، لە دیاریکردنی هاوسەنگی هێزدا و لە ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری دەوڵەتەکاندا. 

بنیاتخوازان ئەم لێکدانەوە تایبەتە ماتریالیزمییە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە، گرنگترین توخم لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کۆمەڵایەتییە نەک ماتریالیزم، واتە جیهانی ئێمە بۆ بونیادگەرایی بە پلەی یەکەم کۆمەڵایەتییە.

(ئەلێکساندەر وێندت) بە یەکێک لە گرنگترین بەشداران دادەنرێت لە پەرەسەندنی ڕوانگەی بونیادگەرایی، هەروەها نموونەیەکی نایابی پێشکەش کرد بۆ ڕوونکردنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی واقیعەکەمان، کاتێک گوتی، مەترسییەکانی (٥٠٠ / پێنج سەت) چەکی ئەتۆمی بەریتانیا بۆ سەر ئەمەریکا کەمترە لەو مەترسییەی کەوا (پێنج) چەکی ئەتۆمی کۆریای باکور دروستی دەکات، چونکە مەترسییەکە لە ئەنجامی چەکی ئەتۆمی خۆی نییە، بەڵکو (پێکهاتەی فیزیکی) چەکە ئەتۆمییەکەیە. واتە ئەو مانایەی بەم پێکهاتە فیزیکییە دەدرێت.


گریمانە بنەڕەتییەکانی تیۆری بونیادگەرایی

1-گرینگترین گریمانەی کۆنستراکتڤیزم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤ بە خۆرسک بوونەوەری کۆمەڵایەتییە و پێوەدییە کۆمەڵایەتییەکان هۆی دروستبونی مرۆڤەکانن بەو شێوەی کە ئێستە هەن، بەمەیش ئێمەین جیهان و سیستمی جیهانی دروست دەکەین، بەو بریار و هەڵسوکەوتانەی دەیكەین و پێشانی دەدەین تا چەند بەرهەمەکانمان وەگەڕ دەخەین لە خزمەت خۆمان یا جیهاندا .

2-بونیادگەرایی وەک ئەوەی کە لە ناوەکەیەوە دیارە، وا دەڕوانێتە سیستمی نێودەوڵەتی کە پرۆسێسێکی بەردەوامە لە بنیاتنان، جیهان، بەردەوام پرسێکی نوێبوونەوەوەیە و شتێک نییە دروست کرابێت، بەڵکو بە دیدی بنیاتخوازەکان دەتوانرێ کارتێکردن لە سیستمی نێودەوڵەتی بکەین و بنەما و ئاڕاستەکانی بگۆرین، بەپێی هاوکێشەی (نیکۆڵاس ئونوف) کە دەڵێت "جیهان دروستکراوی ئێمەیە".

3-تیۆری بنیاتگەرایی سەرنج دەخاتە سەر ڕۆڵی کولتوور و بەها و بیرۆکەکان لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا، هاوكات پرسەکانی (شوناس) ناسنامە و بەرژەوەندی و پەسندکردن و ستانداردەکان، چوارچێوەی مێژوویی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، شی دەکاتەوە ( Norms ).

تیۆرێکی سیستماتیکە کە لە بنەڕەتدا وابەستەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی کۆمەڵایەتییە، تێیدا شوناس و بەرژەوەندییەکان بە گۆڕاو وابەستەیەک دادەنرێت کە پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و لێی تێبگەین، لایەنگرانی ئەم تێزە پێیان وایە، تەنیا ڕەچاوکردنی مادی و دەسەڵات، ڕوونکردنەوەیەکی قەناعەتبەخش بۆ زۆر حاڵەت نادات لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، وەک چۆن ڕەنگدانەوەی ڕیالیزمە.

ئەو دوو نیولیبراڵەی سەرنج دەخەنە سەر ڕەهەندی مادی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی سیستمی نێودەوڵەتی وەک ئەوەی بە دابەشکردنی هێزە مادییەکان دیاری دەکرێت و نیولیبراڵەکان ڕۆڵەکە لەدەست دەدەن، بە بڕوای بنیاتخوازان، "بە دابەشکردنی بیرۆکەکان لە نێوان ئەکتەرەکاندا دیاری دەکرێت، دواتر ڕۆڵی هێزە مادییەکان دێت، نەک بە پێچەوانەوە".

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێکهاتەکە بە بڕوای بنیاتگەرەکان پێکدێت لە:

بیروباوەڕی هاوبەش. 
سەرچاوەی مادی، کە شێوە و فۆرم وەرناگرن، تەنیا لە ڕێگەی لێکدانەوەی ئەکتەرەکانەوە نەبێت کە لە پراکتیکدا ڕەنگ دەداتەوە.
پراکتی ئەکتەرەکان.

پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی بونیادگەرایی بەشێکیان بە تێگەیشتن، چاوەڕوانی یان زانینی نێوان سوبژێکتیڤ پێناسە دەکرێن و لە قاڵب دەدرێن، بۆیە بونیادگەرایی رێبازێکی هەڵبژاردەییە بۆ تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتیتر بە ئایدیالیزمەکەی تایبەتمەندە و ئەم ئایدیالیزمە بە بڕوای لوندت بەو مانایەیە کە وا:


1.پێکهاتەکانی بوونی مرۆڤ بە پلەی یەکەم بە بیرۆکە هاوبەشەکان دیاری دەکرێن و لە قاڵب دەدرێن، نەک تەنیا بە هێزی مادی پاک.
2.ناسنامە و بەرژەوەندیی ئەکتەرەکان بەم بیرۆکە هاوبەشانە بنیات دەنرێن و ناتوانرێت وەک شتێکی سروشتی پێدراو وەربگیرێت.

بەگشتی، بونیادگەرایی تەرکیز لەسەر ئەو شتانە دەکات کە جۆن سیرل پێی دەڵێ " ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان” واتە شتگەلێکی وەک سەروەری و ماف، کە واقیعێکی مادییان هەیە، بەڵام تەنیا لە کۆمەڵێک کەسدا بوونیان هەیە کە باوەڕیان بە بوونیان هەیە و بەپێی ئەوان کار دەکەن.

رێبازێکی تیۆرییە کە لە لێکۆڵینەوەی ئەزموونی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە دێت و پێکهاتووە لە "ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسەتی جیهانی"، کە سەرنج دەخاتە سەر زەوینەی کۆمەڵایەتی بابەتی و سروشتی بنەڕەتی یاسا و نۆرمەکان، بە تایبەتی سەرنج دەخاتە سەر گرنگی پێکهاتە نۆرماتیڤەکان بۆ هەموو شتێکی مادی، ڕۆڵی ناسنامە لە داڕشتنی بەرژەوەندی و ڕەفتارەکانی ئەکتەرەکان.

بەم پێیە دەتوانرێت بگوترێ بونیادگەرایی تیۆرێکی جیاوازی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، جەخت لەسەر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی یان سوبژێکتیڤی هاوبەشیی دەکاتەوە لە جیهانی سیاسەتدا.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بونیادگەرایی تەرکیز لەسەر ڕۆڵی کولتوور و بەها و ئایدیا و ستانداردەکان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکات و مامەڵە لەگەڵ شیکردنەوەی پرسەکانی شوناس و بەرژەوەندی و ئارەزوو و نۆرمەکان دەکات، جگە لە گۆڕانی دەسەڵات. بۆیە وەک سەرەتا و گرنگترین هەنگاو، دەبێ لە ڕەگداکوتانی وردی هەندێک لەو چەمکانە کە بنیاتگەرایی لە شیکارییەکەدا بەکاری دێنێت، دەست پێ بکەین: 

تێگەیشتنی هاوبەش، نیەتی بە کۆمەڵ، بیرۆکەی هاوبەش

بونیادگەرایی جیاوازە لەگەڵ قوتابخانە سوودگەراییەکان، لەبارەی دیاریکردنی جۆری ئەو بیرۆکانەی کە بڕیاردەران هەڵیاندەگرن.
بۆ نموونە، ڕۆبەرت کیۆه و گۆڵد شتاینی نیولیبرالیزم، بیرۆکەکان وەک ئەو بیروباوەڕانە پێناسە دەکەن کە تاکەکان هەڵیدەگرن، ئەمەش لە دیدی بونیادگەراییدا بە واتای کەمکردنەوەی چەمکی بیرۆکەکان بۆ ئەوانەی لەلایەن تاکەکانەوە هەڵدەگیرێن و هیچ گرنگییەکی بە بیرۆکە سوبژێکتیڤەکان یان مەبەستی بە کۆمەڵ نییە.

ئەم بیرۆکانە لە بۆچوونی... ئەوان لە سەری تاکەکاندا ئامادەن لە شێوەی "ئێمە باوەڕمان وایە"، بۆ نموونە کە دەڵێین یەکە پێکهێنەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتی چین؟ وەڵامەکە ئاوا دێتە ئاراوە: سەروەرییە، تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی هاوبەشدا بوونی هەیە کە ڕەوایەتی و شەرعیەتی پێ دەبەخشێت، وەک چۆن لەم ڕووەوە کە وەک چەمکە بە کۆمەڵەکانی دیکە، وەک حاڵەت و مافی خاوەندارێتی... لەگەڵیدا دێت و مانا و واتا دەدات لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی بە کۆمەڵی تاکەکان.

تێگەیشتنی بە کۆمەڵ پشت بە پراکتیکی کۆمەڵایەتی دەبەستێت کە دەتوانێت ئەم تێگەیشتنە بكاتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوە. بۆ نموونە، دەستێوەردانی ئەمەریکا لە ڤێتنام چەندان ناسنامەی بۆ دێت، وەک چۆن زلهێزێکە، ئیمپریالیزمێکە، دوژمنێکە و هاوپەیمانێکە... لە کاتێکدا دوو ئەکتەری کۆتایی کە چاودێری كردارەكانی ئەمەریکا دەکەن، نەک هەر ناسنامەی خۆی لە پراکتیکەکانی  ڤێتنام دامەزراندووە، بەڵکو تێگەیشتنێکی هاوبەشی بە کۆمەڵیان بەرهەم هێناوەتەوە کە ئەو ناسنامەیە چییە.

بەم شێوەیە پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر ئەکتەرەکان لە ڕێگەی شوناسەکانیانەوە بەرهەم دەهێننەوە، بەڵکو لە ڕێی پراکتیکی کۆمەڵایەتییەوە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی بەکۆمەڵ بەرهەم دێننەوە. گرنگترین هێزی پراکتیکی کۆمەڵایەتی توانای بەرهەمهێنانی چاوەڕوانییەکان و توانای پێشبینیکردنی ڕەفتاری دەوڵەتە. 

بیرۆکەکان

بونیادگەرایی پێی وایە، چوار جۆر بیرۆکە هەن: ئایدۆلۆجی، بیروباوەڕی هۆکار، نۆرماتیڤەکان و ڕێنوێنی سیاسەتی گشتی.
یەکەم- ئایدۆلۆجیا یان سیستمی بیروباوەڕی هاوبەش، کۆمەڵێک بیروباوەڕی ڕێکوپێکن کە ڕەنگدانەوەی پێداویستی کۆمەڵایەتی گرووپ و کۆمەڵە و توێژ و دەوڵەتێکن، بۆ نموونە، ئەخلاقی پرۆتستانت یان ئایدۆلۆجیای وەک لیبرالیزم و مارکسیزم و فاشیزم.

دووەم- نۆرماتیڤ یان پرەنسیپی، بیروباوەڕەکان سەبارەت بە ڕاست و هەڵە، پێکدێن لە بەها و هەڵوێستەکان کە پێوەرەکان بۆ جیاکردنەوەی ڕاست لە هەڵە یان نادادپەروەرانە پێناسە دەکەن، بۆ نموونە، ستانداردەکانی مافی مرۆڤ لە کۆتایی جەنگی سارددا.

رێنوێنی و پرۆگرامی سیاسەتی گشتی، بریتییە لە بیرۆکەی بەرنامەی تایبەت کە ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی سیاسەت دەکەن

سێیەم- هۆکاری گۆڕینی بیروباوەڕ، بیروباوەڕەکان سەبارەت بە کاریگەری هۆکار، ڕێنوێنی یان ستراتیج بۆ تاکەکان دابین دەکەن لەسەر چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانجەکانیان. بۆ نموونە، گۆڕانی بیروباوەڕی سەرکردەکانی سۆڤیەت لەبارەی كاریگەری بەکارهێنانی هێز کە کاریگەر بوو لەسەر بڕیارەکەیان لە ساڵی ١٩٨٩ و هێزیان بەکار نەهێنا بۆ ئەوەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لەژێر کۆنترۆڵی سۆڤیەتدا بمێننەوە.

چوارەم- رێنوێنی  و پرۆگرامی سیاسەتی گشتی، بریتییە لە بیرۆکەی بەرنامەی تایبەت کە ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی سیاسەت دەکەن، بە پێناسەکردنی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکان، هەروەها لە دڵی گفتوگۆکانی سیاسەتدان و بەستراونەتەوە بە ستراتیج و بەرنامەی تایبەت.

بیرۆکەکان یەکێکن لە چەمکەکانی شیکاری بونیادگەرایی، چونکە ڕوانگەی بونیادگەرایی سەرنج دەخاتە سەر لایەنی کۆمەڵایەتی واقیعس، تەنیا بنیاتگەرەکان جیهانێکە لە هۆشیاری مرۆڤ لە بیرۆکە و بیروباوەڕ و زمان و گوتار پێکهاتووە.

بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای گرنگیدان بە توخمە مرۆییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دامەزراوە، جەخت لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە لە ڕێی کۆی ئەو بەهایانەی تاکەکان هەڵیدەگرن و هەوڵ دەدەن لە دروستکردنی ئەو جیهانەدا بەرجەستەیان بکەن کە بەهۆیەوە پێکهاتووە. ئەو تێڕوانینە فیکری و کولتوورییانە بۆ تاکەکان کە سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەها و کولتوورەکان پێک دێنن، لە ڕێگەیەوە گرووپەکە ئیرادە و قەناعەتەکانی خۆی دەردەبڕێت .

كەژاڵ كەمال \یاریدەدەری توێژەری سیاسی



وشە - تایبه‌ت