كێ دامەزراوە غازییەكانی هەرێمی كوردستان مووشەكبارن دەكات؟

:: PM:08:30:25/06/2022 ‌

بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەك كیڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ دێتە مووشەكبارانكردن، ئەگەرچی هێرشەكە نوێ نییە و شێوازی ئەنجامدانی، ئەنجامدەران و ئامانجی ئەوان روون دەكاتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ لایەنێك بەرپرسیارەتی خۆی لەو هێرشانە یان هۆكاری هێرشەكەی روون نەكردووەتەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەوەی روو دەدات لەو ململانێیەی لە نێوان هێزە سیاسییەكان پێوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەدەر نییە، كاتێك هەندێك لە میلیشیاكان دەیانەوێ لەو رێگایەوە گوشار بخەنە سەر هەولێر و هێزە سیاسییەكانی، بۆ ملكەچكردن بۆ هێزە سیاسییەكانی چوارچێوە و بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكوومەت، بەڵگەیش ئەوەیە هەموو هێرشەكان لەو ناوچانە كراوە كە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانە، جیا لەوەی هێرشەكان هاوكاتن لەگەڵ كشانەوەی سەدر و چۆڵبوونی گۆڕەپانەكە بۆ چوارچێوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
هێرشەكان پێوەندیان بە ململانێی وزە لە ناوچەكەدا هەیە
لەلایەكی تر هەندێكی تر لە چاودێران ئاماژە دەكەن كە بابەتی هەناردنی غاز لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئەوروپا، رەنگە هۆكارێكی تری مووشەكبارانكردنی كێڵگەكان بێت، بەتایبەتی كە ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندیی ئێران نییە، ئەویش لە رێگەی میلیشیاكانەوە بەو ئاراستەیە كار دەكات، هەر ئەوەیش بوو هۆكاری ئەوەی لە 13ی ئادار بە 12 مووشەك هەولێر بۆردمان كرا، ئەوكات سوپای پاسدارانی ئێران راستەخۆ بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ.

ئەگەرچی ئەمڕۆ جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی سەربازی بەناو كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە تویتێك نووسیویەتی، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان چەند كۆمەڵەیەكی یاساشكێنی پێوەندیدار بە هەواڵگری توركیا ئەوانن كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكەن، كیفاح مەحموود، راوێژكاری پێشوو لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە ئەوە روونە كە ئەوانەی دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج، پێوەندیدارن بە ململانێی وزە لە ناوچەكەدا.

زیاتر گوتی، ئێرانییەكان بەرهەمهێنەرێكی سەرەكیی غازن، بەهۆی گەمارۆی سەریشیانەوە، ناتوانن هەناردەی بكەن، بۆیە دۆزینەوەی بڕێكی گەورەی غاز لە هەرێمی كوردستان بەم دواییە و دەستكردن بە پەرەپێدانی كیڵگەكانی، میلیشیاكانی نزیك لە تارانی هان دا بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان لە رێگەی كردنەئامانجی هەردوو كۆمپانیای كار و دانە غاز، هەموو زانیاریی دەسەڵاتدارانی تەناهیش لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو هێرشانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانەوە كراوە.    

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەك، بە مووشەك هێرش كرایە سەر دامەزراوەی گازی كۆرمۆر سەر بە شارەدێی قادر كەرەم لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەگەرچی دامەزراوەكە زیانی بەر نەكەوت، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆكاری هێرشەكە روون دەكاتەوە.

زێباری لە تویتێكدا نووسیویەتی، مووشەكبارانی دامەزراوە نەوتی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان، پێشتر بۆ هەولێر لە شارەدێی كەڵەك بۆ كۆمپانیای كار، ئێستەیش بۆ دامەزراوەی نەوت و غازی كۆرمۆر لە قادر كەرەم لە پارێزگای سلێمانی، راستییەكی ساكار دووپات دەكەنەوە، بەوەی میلیشیاكان لە بەغدا جیاوازی لە نێوان هەردوو پارێزگا ناكەن و ئامانجی باڵایان ملكەچكردنی هەرێمی كوردستانە.

لە رۆژانی پێنجشەم و هەینی و ئەمڕۆیش بە مووشەك هێرش كرایە سەر دامەزراوەی غازی كۆرمۆر، هێرشەكان زیانی گیانی و مایەكیان نەبووە، سدیق باوە، بەڕێوەبەری شارەدێی قادر كەرەم سەر بە شارۆكەی چەمچەماڵ دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو مووشەكێك لە بەشی رۆژ‌ئاوای كۆمپانیایاكە كەوتووەتە خوارەوە و زیانی گیانی و مایەكی نەبووە، مووشەكەكە لە گوندی مانسك لە دووری 500 مەتر لە كۆمەڵگەكەوە هەڵدراوە.

بەیانی ئەمڕۆ شەموو هێزە تەناهییەكانی حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی، پرۆسەیەكی گەڕان و پشكنینی گوندەكانی دەوروبەری شارەدێی قادر كەرەمیان سەر بە شارۆكەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەست پێ كرد، ئەوەیش لە دوای هێرشی پێنجشەم و دوێنێ هەیەی بۆ سەر كیڵگەی غازی كۆرمۆر، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشداری لە پشكنینەكە نەكرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل