ئەگەرچی ئێستە پەتای كۆرۆنا ئەو مەترسییەی پێشووی نەماوە و دنیا بەتەواوەتی كراوەتەوە و رێوشوێنەكانی خۆپارێزی زۆر سووك كراون، بەڵام شارەزایانی تەندروستی تا ئێستەش مەترسی ئەوەیان هەیە لەگەڵ هاتنی زستاندا دۆخەكە روو لە خراپی بكاتەوە، چونكە ئەگەری هەیە ڤایرۆسەكە بە ئاراستەیەكی خراپ پەرەبستێنێ و بازدان بكات و ببێتە شەڕانگێزتر.
وەك رۆژنامەی
"واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی باسی كردووە، ژمارەیەك لە زانایان سەرقاڵی پەرەپێدانی چارەسەرێكن كە وا بكات توانای ڤایرۆسەكە بۆ بازدان و پەرەسەندن پەك بخات، ئەوەیش لە رێگەی رێگرتن لێی لە گەیشتن بەو پرۆتینانەی بۆ تووشكردن و زیانگەیاندن بە مرۆڤ پێویستی پێیەتی.
رۆژنامەكە روونی كردەوە، ئەگەر هاتوو ئەو هەوڵەی زانایان سەری گرت، دەبێتە مایەی پڕكردنەوەی ئەو كەموكورتییەی لە زۆرینەی ڤاكسین و چارەسەرییەكانی ئێستە لە دژی ئەو پەتایە هەیە، كە ناتوانن رێگە لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ بگرن، ئەگەرچی یارمەتی سووككردنی نیشانەكانی دەدەن.
ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ بڵاوبوونەوە و زۆربوونی، پشت بەو پرۆتینە دەبەستێت كە لەناو لەشدا هەیە، بۆیە رێگرتن لەوەی بە پرۆتینەكە بگات، وەك خنكاندنی و رێگرتنە لە گەیشتنی ئاو و ئۆكسیجینە بە بوونەوەرەكان، واتە دەبێتە هۆی لاوازكردن و شەكەتكردنی.