ئەمڕۆ هەموو كورد و عێراقییەكان چاویان لەسەر دهۆكە

:: AM:09:03:03/11/2022 ‌
ئەمڕۆ كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دهۆك بەڕێوە دەچێت، بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، كۆنگرەی پارتی هاوشێوەی رووداوێكی گرنگی عێراق سەیر دەكرێ‌، چونكە ئەو حزبە ئێستە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان خاوەن زۆرترین كورسیی پەرلەمانتارییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تشرینی دووەم، لە شاری دهۆك 14مین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دەدرێ‌، لە رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان 13 كۆنگرەی بەستووە و یەكەم جاریشە كۆنگرەی خۆی لە سنووری دهۆك دەبەستێت، ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی پارتی نزیكەی هەزار ئەندامە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پێگە جەماوەرییەكەی لە ناوچەكە و عێراق، هەموو سەرنجەكان لەسەر ئەو حزبە و دواین گۆڕانكارییەكانیەتی، بەڵام هەمووانیش دەزانن بابەتی خاك و دیموكراسی و ئازادی لە بەرنامەی پارتیدا نەگۆڕن.

دواین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەسترا، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێك كۆنگرە بكرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و پەتای كۆرۆنا، كۆنگرەی 14ی پارتی دواكەوت.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 لە ژێر دروشمی "یان كوردستان یان نەمان" لەلایەن مەلا مستەفای بارزانی دامەزراوە و دەستی بە خەبات كردووە. بەدرێژایی تەمەنی ڕۆڵی گرنگی لە شۆڕشی رزگاری خوازی كورد بینیوە.




وشە - رامیار جەواد