فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوای هەڵوێست دەكەن.. سبەی پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: PM:05:41:21/11/2022 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكانی ئێران و زیادبوونی گوشارەكانی سەری لەلایەن وڵاتانەوە، لە لایەك كەوتووتە گیانی خۆپێشاندەران و سەركوتیان دەكات، لەلایەكی تر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكات، جیا لەوە هەڕەشەی لەشكركێشیش دەكات، فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق داوای هەڵوێستی كردەنی لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم لە بەیاننامەیەكدا فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەكە و ئەندامانی كرد بۆ راگەیاندنی هەڵوێستێكی شایستە بە پێشێلكارییەكانی دوایی ئێران و توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، داوایان كرد لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان مێوانداریی حكوومەتی عێراق بكرێت بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی رژد و كردەنی بۆ پاراستنی سەروەری عێراق. 

لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بۆردمانی مووشەكی و درۆن هاتەوە، ئەوەش یەكەمجار نییە و پێشێلكارییەكی زەقی سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستانە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بۆیە چیتر سەركۆنەكردن و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە سوودی نییە و نابێتە بەرپەرچدەری ئەو پێشێلكارییانە.

بەپێی بەیاننامەكە فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوایان لە پەرلەمانی عێراق كرد بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی گونجاو بۆ رێگرتن لەو پێشێلكارییانە، داواش لە ئێران و توركیا دەكەین ئەو پێشێلكردنەی نەریت و یاسا نێودەوڵەتییانە و بنەماكانی دراوسێتی باش و سەقامگیریی ناوچەكە و ئاسایشەكەی بوەستێنن.

بەیاننامەكە داوای مێوانداریكردنی حكوومەتی عێراقی لە دانیشتنی سبەی سێشەمی پەرلەمان كرد بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی رژد و كردەنی بۆ پاراستنی سەروەری وڵات، فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد بە پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی بە عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشانە، داواشیان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد بە راگەیاندنی هەڵوێستێكی روون و ئاشكرا بەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەی ئێران و توركیا.   

ئەمەو و بڕیارە سبەی سێشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی داخراو بۆ تاوتوێكردنی بابەتی پاراستنی سەروەری عێراق ساز بكات، بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان، كارنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمان بریتی دەبێت لە گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی پاراستنی سەروەری عێراق لە دانیشتنێكی داخراودا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل