رێگە و دەروازەكانی بەغدا دەبنە شایەتی گەندەڵییەكی تری گەورە

:: PM:05:27:23/11/2022 ‌

لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی پەرلەمانی عێراق بوونی گومانی گەندەڵی لە دۆسیەی پەرەپێدانی رێگە و دەروازەكانی بەغدا ئاشكرا دەكات، بەرپرسیارەتی ئەو گەندەڵییەش دەخاتە ئەستۆی پارێزگاری بەغدا و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، لە دووەم رەخنەی ئاشكرا بۆ ئەو دۆسیەیە لە ماوەی پێنج رۆژدا.

مەحما خەلیل، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، گومانی گەندەڵی لە پڕۆژەی پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی دەروازەكانی بەغدا دەكرێت، لیژنەی خزمەتگوزاریش بەرپرسیارەتی تەواونەكردنی پڕۆژەكە لەو ماوەی بۆی دیاری كراوە دەخاتە ئەستۆی پارێزگاری بەغدا و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە. 

روونی كردەوە، بەپێی داتاكانی بەدەستمان گەیشتووە، ئەو پارەی بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە 82 ملیار دینارە، بۆ چاككردنی رێگەیەك بە درێژایی 33 كیلۆمەتر، واتە بۆ هەر كیلۆمەترێك بڕی دوو ملیار 300 ملیۆن دینار تەرخان كراوە، زیاتر ئاشكرای كرد، شەش كیلۆمەتر رێگەكە بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دراوە و پارەی بۆی تەرخان كراوە 114 ملیار دینارە، واتە بۆ هەر كیلۆمەترێك 16 ملیار دینار.

خەلیل ئاماژەی كرد، بەپێی ئەو بڕە پارەی زۆرەی بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كراوە، دەبێت پێشوەچوون لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دەروازەكانی بەغدا هەبێت، بۆیە ئەگەر هاتو كۆمپانیای رەسەن ئەو پڕۆژەیان جێبەجێ بكردایە، ئێستە دەروازەكان شایانی بەغدا وەك پایەتەخت دەبوون.

هەمان لیژنە لە 19ی ئەم مانگە رێگەكانی دەروازەی بەغدای بە رێگەی مەرگ وەسف كرد، لەگەڵ بوونی گەندەڵی و كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی پڕۆەكانی چاككردنەوەیان، ئەو بەرپرسیارەتی دۆخی ئەو رێگایانەی خستە ئەستۆی پارێزگاری بەغدا و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل