عێراق.. پارە دزراوەكەی باج پێنج ملیار دۆلار زیاترە

:: PM:08:38:23/11/2022 ‌

تا ئێستە لێكۆڵینەوە لە "دزی سەتە"، یان ئەو دزییەی لە حیسابی دەستەی باجی عێراق لە بانقی رافیدێن كراوە و مانگی رابردوو بۆ میدیاكان ئاشكرا بوو، بەردەوامە، تا دێت زانیاری زیاتر و تێوەگلاوی زیاتر ئاشكرا دەبن، لەوەش زیاتر پەرلەمانتارێك دەڵێت پارە دزراوەكان 2.5 ملیار دۆلار نەبووە و زۆر لەوە زیاتر بووە.

مانگی رابردوو لە سەروبەندی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە عێراق لە نێوان مستەفا كازمی و محەمەد شیاع سوودانی، دزییەكی گەورە بەناوی دزی سەتە ئاشكرا بوو، كە 2.5 ملیار دۆلار لە حیسابێكی بانكی رافیدێن لە بەغدا لە ماوەی نێوان مانگەكانی ئەیلوولی 2021 و ئابی 2022 ون بووە.

ئەحمەد روبێعی، ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق باسی پەرەسەندنێكی نوێ لە دۆسیەی ئەو دزییە گەورە دەكات، دەڵێت، لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتی بە دۆسیەی دزینی پارەی باج یان ئەوەی بە "دزی سەتە"، ناسراوە، پێك هێناوە.

زیاتر گوتی، لیژنەكە مێوانداری ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان و لایەنی حكوومەتی كردووە، لەوانە دەستەی نەزاهە و چاودێری دارایی، ئەوەش بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی دزییەكەوە، روونی كردەوە، راپۆرتی وەزارەتی دارایی ئەوەی گوتووە كە لە لە ماوەی ساڵێكدا بڕی 3.7 ترلیۆن دینار ون بووە، هەرچی پێش ئەو ماوەیەیە ئەوكاتیش پارەیەكی زۆر دزراوە، جیا لە پارەی تاریفەی گومرگی.

روبێعی دووپاتی كردەوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان كە دەستی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان كەوتووە، دەركەوتووە ئەو پارەی دزراوە لە پێنج ملیار دۆلار زیاترە.  

شایەنی باسە لە دوای ئاشكرابوونی ئەو دزییە، دەستەی نەزاهە و دەسەڵاتی دادوەری دەستیان لە لێكۆڵینەوەیەكی فرەوان كردووە و فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەك تێوەگلاو دەركراوە، یەكێك لەوانەی گیراون نوور زوهێری كارسازە كە لەپاڵ چەند كەسێكی تر زیندانی كراوە، جیا لە دەرچوونی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پارەی گوزاراوە و نەگوازراوەی تێوەگلاوان لەو دزییە، ئێستەش لێكۆڵینەوە بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل