وەزارەتی پێشمەرگە راستیی هاتنی سەربازانی عێراق بۆ سنوورەكان ئاشكرا كرد

:: AM:09:52:24/11/2022 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی دوێنێی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڵاو دەكاتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دراوە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە سەربازانی عێراقی دێنە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەیش نیگەرانیی لێ كەوتەوە، لە بەرانبەردا وەزارەتی پێشمەرگە راستیی بڕیارەكانی ناو كۆبوونەوەكە بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی تشرینی دووەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە، كۆ بووەوە و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.

كۆبوونەوەكە تایبەت كرابوو بە تاوتوێكردنی دەستدرێژی و پەلامارەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا بۆ سەر سنوورەكانی عێراق و تۆپباران و بۆردمانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی نانەوەی پشێوی و ترس لە ناوچە سنوورییەكان و زیانگەیاندن بە گیان و سامانی هاووڵاتییان.

هەوڵەكان بۆ راگرتنی ئەو پەلامارانە و بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماتییەكان، ئەنجوومەنی وەزاری ژمارەیەك بڕیاری دەركرد. 

یەكەم: دانانی پلانێك بۆ دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاسەوانی سنوور بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی خاڵی سفر بە درێژایی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و توركیا .

دووەم: دابینكردنی هەموو پێداویستییە لۆجستییەكانی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنوور، بەهێزكردنی توانای مرۆیی و دابینكردنی دارایی پێویست و پشتیوانیكردنیان بە كەرەستە و چەكی پێویست، كە بتوانن لە رێیانەوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.

سێیەم: وەزارەتی ناوخۆ، توانای مرۆیی زیاتر بەردەست بخات بۆ بەهێزكردنی بنكەكانی سنوور.

چوارەم: هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یەك و دووی سەرەوە، بە ئامانجی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پارێزگاریكردن لە سنووری عێراق.



وشە - رامیار جەواد