پەیامێك لە نێچیرڤان بارزانییەوە

:: AM:11:17:25/11/2022 ‌
نێچيرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، هەمیشە لە هەوڵ و كار و كۆشش بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی زیاتر و پاراستنی مافەكانی ژنان.

ئەمڕۆ هەینی 25ـی تشرینی دووەم، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، هەموو پشتگیرییەك بۆ خەبات و ئازادی و مافەكانی ژن و یەكسانی دووپات دەكەینەوە. وەك هەمیشە لە هەوڵ و كار و كۆشش بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی زیاتر و پاراستنی مافەكانی ئافرەت و هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەك كە ژن تیایدا ئازاد و یەكسان بێت و بە هیچ پاساوێك هەڕەشەی توندوتیژی و كوشتنی لەسەر نەبێت. تا ئافرەت ئازاد نەبێت، كۆمەڵگەیەكی ئازاد و یەكسان و ئارام و مەدەنیی پێشكەوتوو نایەتە ئاراوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەم یادەدا‌ دووپاتی دەكەینەوە كە بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژی و پێشێلكارییەك بەرانبەر بە ماف و ئازادیی ژنان دەبینەوە و لە كاركردن بەردەوام دەبین بۆ نەهێشتنی بیری توندڕەوی و ڕەخساندنی زەمینەیەكی باشتری بەشداری و هاوبەشیی ئافرەت لە كایەی سیاسی و كارگێڕیی هەرێمی كوردستاندا. لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی ناوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هاریكار و هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی ئافرەت لە هەموو ڕوویەكەوە لەناو خێزان و لە شوێنی كار و لە سەرجەم بوارە گشتییەكاندا پارێزراو بێت و دوور بێت لە هەراسان و توندوتیژی.

لە كۆتایی پەیامەكە هاتووە، سڵاو و پێزانین بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە و ئەو لایەن و ڕێكخراوانەی ڕۆژانە لە خەباتدان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ئاشتی و مافەكانیان. سڵاو بۆ گیانی پاكی قوربانییانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و هەموو ئەو خانمانە دەنێرین كە لەپێناو ئازادی و یەكسانی و ئاشتیدا خەبات و تێكۆشانیان كردووە. لە هەر شوێنێكی جیهان بن، بە ڕێز و شكۆوە یادیان دەكەینەوە.



وشە - رامیار جەواد