یەكێتی هەڵەیەكی كوشندە دەكات

:: PM:12:14:25/11/2022 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوەی یەكێتی دەیكات بەرانبەر بە كوردستان زیانی گەورەی دەبێت، هەڵبژاردن كراوە و زیاتر لە بەركەوتەی خۆی پۆستی پێدراوە، دەشڵێت، یەكێتی خەریكە هەڵەیەكی كوشندە دەكات.

ئەمرۆ هەینی، 25ی تشرینی دووەم، وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی یەكێتی لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداربووە و دەنگی خۆی هێناوە و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن مافی خۆی وەرگرتووە بە زیادیشەوە، بەشدارن لەدامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان  و بەشێكی پۆستە باڵاكان لەلای خۆیەتی، كەچی بەبەردەوامی گرفت و لەمپەر لەبەردەم كارەكانی كابینەی نۆیەم دروست دەكات و بانگەشەی ناڕەوا لە دژی حكوومەت دەكات و هەموو ڕێگەیەكیان گرتۆتەبەر.

زیاتر گوتی، تەنانەت گەر لە حكوومەتیشدا بەشدار نەبووایە و ئۆپۆزسیۆن بووایە، هەر هێندەی ئێستە دژایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەكرد، بۆیە خەڵكی كوردستان حەقیانە بپرسن ئەم هەموو كێشەو گرفتەیە لە پای چیە و بەقسەی كێیە و بۆخزمەتكردنی كێیە، بەدلنیایەوە وەڵامەكە روون و ئاشكرایە بۆیە كاتی هاتووە یەكێتی چیتر ئاستەنگ بۆ كارەكانی حكوومەت درووست نەكات.

 باسی لەوەش كرد، ئەوەی ئێستە یەكێتی دەیكات زیاتر، مەترسییەكی گەورەیە و خزمەت بەئاشی ناحەزانی گەلەكەمان دەكات بۆ خودی گیانی یەكێتی هەڵەیەكی كوشندەیە حەقە یەكێتی بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆی هەڵبگرێت، هەوڵبدات لەرێگای دانیشتن و لێكتێگەیشتن گلەیی و گازاندەكانی بخاتەروو هەوڵی چارەسەركردنیان بدات، چونكە ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت و یەكێتی مامەڵە دەكات رێك پێی دەوترێت چەواشەكاری سیاسی.


وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد