14 ملیار لیتر باران لە هەولێر باریوە

:: PM:03:32:26/11/2022 ‌
شارەزایەكی بواری ئاو، ڕێژەی ئەو ئاوە دیاری دەكات كە لە بارانی ئەمجارە لە هەولێر باریوە و دەڵێت، زیاتر لە 14 ملیار لیتر ئاو لە بارانی ئەمجارە باریوە.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی تشرینی دووەم، پێشەوا بارزان هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، زۆر بابەت لای هاووڵاتییان لە رێژەی بارانبارین ناڕوونە، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین لە 24 سەعاتی رابردوودا 26 ملم باران باریوە، بەپێی ئاماری كەشناسی كوردستان بۆ سەنتەری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، رێژەكەی چەند دەكات؟.

زیاتر گوتی، لە ڕووی زانستییەوە یەك ملم باران واتە یەك لیتر ئاوی باران لە یەك مەتر چوارگۆشە، بۆیە بۆ نموونە بزانین لە ڕووبەری ناوەندی شاری هەولێر چەند لیتر باران باریوە كە رووبەری ناوەندی هەولێر 553  كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، لە دوێنێوە نزیكەی ٢٦ ملم باریوە، واتا لە هەر مەتر چوارگۆشەیەك لە سنووری ناوەندی هەولێر 26 لیتر باریوە.

بەگوتەی ئەو شارەزایە، لە هەر مەتر چوارگۆشەیەك لە سنووری ناوەندی هەولێر 26 لیتر باریوە، هەموو ڕووبەری ناوەندی هەولێر یەكسانە بە 553 ملیۆن مەتر چوارگۆشە، كەواتە لەم ڕووبەرە 14 ملیار و 378 ملیۆن لیتر باران باریوە.
 
ئەو شارەزایە روونتری كردووەتەوە، ئەگەر بە دەبەی ئاوی موقەتەر حیساب بكەین (هەر دەبەیەك 250 ملیلتر بێت) دەكاتە 56 ملیار دەبەی ئاوی مەعدەنی باریوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی، بۆیە زۆر گرنگە ئەو بڕە ئاوە نەهێڵین بەفیڕۆ بچێت بەڕێیەكانی كۆكردنەوەی ئاوی باران Rain Water Harvesting، سوود لەو بڕە ئاوە زۆرە وەربگرین بۆ زۆربەی ئەو سێكتەرانەی كە پێویستیان بە ئاوە، لە كاتی پێویست بەكار بهێنرێت.


وشە - رامیار جەواد