پێشبینی دەكرێ لە 2023دا یەك ملیۆن كەس لە چین بە كۆرۆنا گیان لە دەست بدەن

:: AM:09:35:17/12/2022 ‌
پەیمانگەیەكی تایبەت بە بواری تەندروستی، پێشبینی كردووە بەهۆی هەڵگرتنی رێنوێنییەكانی كۆرۆنا لە چین، لە 2023دا لەو وڵاتە بەلای كەمەوە یەك ملیۆن كەس گیان لە دەست بدەن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 17ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، پەیمانگەی پێوەرە تەندروستییەكان و هەڵسەنگاندن لە ئەمەریكا ئاماژەی داوە، پێشبینی دەكەن هەڵگرتنی رێنوێنییەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە چین و لە ناكاودا، زیانی زۆر لەو وڵاتە لە 2023دا بدات، بە جۆرێك بەلای كەمەوە یەك ملیۆن كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لە دەست بدەن.

كریستۆڤەر مۆرای كە بەڕێوەبەری پەیمانگەكەیە گوتوویەتی، هەڵگرتنی كەرەنتین و پشتكردن لە رێنوێنییەكان لەم مانگەدا لە چین، وا دەكات پێشبینی ئەو بكەین لە ساڵی داهاتوودا ڤایرۆسەكە بە فراوانی بڵاو ببێتەوە، بەجۆرێك دوور نییە یەك لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەكە تووشی كۆرۆنا بن، لەناویاندا بەلای كەمەوە یەك ملیۆن كەس گیان لە دەست بدەن.

بەهۆی رێنوێنییەكانی كۆرۆنا لە چین و بەدوایدا خۆپێشاندانی جەماوەری لەو وڵاتە، حكوومەتی ئەو وڵاتەی ناچار كرد كەرەنتین هەڵبگرێ و پشت لە رێنوێنییەكان بكات، لە كاتێكدا ئەمساڵ ژمارەی تووشبووان بەو ڤایرۆسە لە هەڵكشاندا بوو، بۆیە پەیمانگەكە پێشبینی دەكات لەو وڵاتە كە یەك ملیار و 400 ملیۆن تێیدا دەژین، بۆ ساڵی داهاتوو 2023 یەك لەسەر سێی دانیشتووان تووشی كۆرۆنا ببن و بەلای كەمەوە یەك ملیۆن كەسیش بەهۆیەوە گیان لە دەست بدەن.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 لە ووهانی چینییەوە سەری هەڵدا و لە ماوەی چەند مانگێكدا سەرانسەری دنیای گرتەوە و گەورەترین زیانی گیانی و مایەكی بە دنیا گەیاند، توێژینەوەیەكی نوێ باسی ئاماری راستەقینەی قوربانیانی ئەو پەتایە دەكات، كە تا ئێستەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر مرۆڤایەتی.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د