چین.. كۆرۆنا سەری هەڵدایەوە

:: PM:05:25:24/12/2022 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 لو ووهانی چینەوە دەركەوت و لە ماوەیەكی پێوانەییدا لە سەرانسەری دنیا بڵاو بووەوە، تا وای لێ هات بووە یەكێك لە گەورەترین كارەساتەكانی دنیا لە سەردەمی نوێدا، كە بەپێی هەندێك راپۆرتی نهێنی ژمارەی قوربانیانی گەیشتە نزیكەی 15 ملیۆن حاڵەت، ئێستەش بەرپرسێكی باڵای چینی رای دەگەیەنێت كە رۆژانە نیو ملیۆن حاڵەتی تووشبوون تەنیا لە شارێكی ئەو وڵاتە تۆمار دەكرێت.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی چین بە بەراورد بە وڵاتانی دنیا زۆرە و دەگاتە زیاتر لە ملیارێك و 300 ملیۆن كەس، بۆیە رێژەی تووشبوون زۆرە، سەرەتای ئەم مانگە چین دەستبەرداری سیاسەتی "بەسفركردنی كۆڤید"، بوو كە بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتاكە پێڕەوی دەكرد، ئەو هەموو رێوشوێنەكانی داخستن و پشكنینی تاقیگە و كۆتی سەر گەشتكردنی هەڵوەشاندەوە، كە ئەوانە كاریگەرییان لەسەر ئابووری چین هەبوو، وەك رۆژنامەكانی فڕەنسا باسیان كرد. 

بەپێی هەواڵەكان لە ماوەی 20 رۆژدا 18%ی دانیشتوانی چین تووشی پەتاكە بوونە، بەپێی راگەیاندنی حزبی شیوعی فەرمانڕەوا كە لە بو تاو، بەڕێوەبەری تەندروستی شاری تسینگداو لە رۆژهەڵاتی چینی گواستەوە، تەنیا لەو شارە رۆژانە 490 بۆ 530 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەكرێت، لەو شارە كەناراوییەی خاوەن 10 ملیۆن دانیشتووانە، پەتاكە زۆر بەخێ رایی بڵاو دەبێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بە رێژەی 10% خێراتر بڵاو ببێتەوە بەر لەوەی بگاتە ترووپكی تووشبوون.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی چینی دوێنێ هەینی 4103 حاڵەتی تووشبوون لەو وڵاتە تۆمار كراوە، كاتێك حكوومەتی چینی چاودێرییەكی توندی میدیاكان و تۆڕی ئینتەرنێت دەكات و داوایان لێ دەكات هەر هەواڵ و راپۆرتێكی هەستیار لە رووی سیاسییەوە بسڕنەوە، بۆیە میدیاكانی حكوومەتی چینی لە مەترسی بەسفركردنی پەتاكەیان كەم كردەوە و ستایشی یڕیارەكەی حكوومەتی چینیان كرد. 

لەو ناوەدا حكوومەتی هەرێمی جیانگشی لە رۆژهەڵاتی چین لە بڵاوكراوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێشبینی ئەوەی كرد كە 80%ی دانیشتووانی هەرێمەكە، كە 36 ملیۆنە، تا مانگی ئاداری داهاتوو تووشی كۆرۆنا ببن، زیاتر لە 18 هەزار تووشبوو لە ماوەی دوو هەفتەی دوایی بردراونەتە نەخۆشخانە كە 500 یان حاڵەتیان مەترسیدار بووە. 

بەپێی گەورەترین دەستەی تەندروستی چینیش، رەنگە لە ماوەی ئەم هەفتەیە نزیكەی 37 ملیۆن كەس تووشی ڤایرۆسەكە بووبن، وەك لە راپۆرتێكی "بلومبێرگ"، هاتووە، بەپێی كۆنووسی كۆبوونەوەیەكی ناوخۆیی لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چینی، كە چوارشەمی رابردوو هاتە سازكردن، لە ماوەی 20 رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا 248 ملیۆن كەس، كە دەكاتە 18%ی دانیشتووانی چین، تووشی ڤایرۆسەكە بووبن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل