ترس لە شەپۆلێكی نوێی وێرانكەر "زانایان كۆتایی هاتنی كۆرۆنا رەتدەكەنەوە"

:: PM:06:58:25/12/2022 ‌
زانایانی پزیشكی رای دەگەیەنن كە رەنگە جارێ زوو بێت بۆ راگەیاندنی دەربازبوونی یەكجارەكی دنیا لە دەست "كۆرۆنا"، چونكە مەترسی شەپۆلێكی وێرانكەری نوێی چینی ئەگەرێكی كراوە و لەپێشە. 

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا "چین" هەوڵی كرانەوەی ئابووری دا، ئەمەیش بووە هۆی سووككردنی مەرجەكان و كۆتوبەندەكانی خۆپارێزی ڤایرۆسەكە لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەكە، كە ئەمەیش وای كردووە دووبارە كۆرۆنا لەو وڵاتە رۆژانە ملیۆنان حالەتی نوێ تۆمار بكات. 

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بەریتانی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە خاوەن دووەم گەورەترین ئابووری دنیا دووچاری تەقینەوەیەكی گەورە ببێتەوە لە رووی تووشبوونی نوێ بە ڤایرۆسەكە و مردنی ملیۆنانی تر بەهۆیەوە، ئەمەیش بەهۆی ئەو هەڵگرتنە لەناكاوەی رێكارەكانی خۆپارێزی بەرانبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە. 

لە ماوەی رابردوودا سیاسەتی بە "سفر كردنی كۆڤید" لە چین سەركەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی  لە ژمارەی تووشبوون و مردن بەشێوەیەكی رێژەیی، لەكاتێكدا لەو وڵاتەدا ملیارێك و 400 ملیۆن كەس دەژین. 

بەڵام هەر ئەوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند كە ئەو سیاسەتەی چین "بە سفركردنی كۆڤید" درێژە ناكێشێ و بەردەوام نابێت، بەهۆی مەترسییە بەردەوامەكانی ئەم سیاسەتە لەسەر ژیانی مرۆڤەكانی ئەوێ و ئابووری وڵاتەكە. 

ماوەیەكی كەم پێش ئێستە راپۆرتە تەندروستییەكان هیوایەكی گەورەیان بە مرۆڤایەتی دەدا، چونكە ئاماژەی گشتیان بەو ئاراستەیە بوو كە كۆتایی كۆرۆنا نزیكە، بەڵام بەهۆی ئەم هەلومەرجە نوێیەی لە چین دروست بووە ئێستە، زانایان دەڵێن " جارێ زووە مەرگی كۆرۆنا رابگەیەندرێ" 

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئەدهانۆم گێبریسۆس رای گەیاند كە ئاسۆی كۆتایی هاتنی پەتای كۆرۆنا دەركەتووە. 

لە ئێستەدا شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە رێگەدان بە بڵاووبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی ناوچەیی "چین بە نموونە" رەنگە رێگەخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی بازدان لە ڤایرۆسەكە رووبدات، ئەمەیش بە مانای ئەوە دێتت كە شەپۆڵێكی تری ڤایرۆسەكە بەڕێوەیە. 

لەمبارەیەوە "دیڤید هەیمان" پسپۆر لە نەخۆشییە گوازراوەكان و راوێژكار لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند" باوەڕ ناكەم كەس بە تەواوی بتوانێ پێشبینی ئەوە بكات كە ڤایرۆسەكە بازدان و گۆڕانكاری نوێ بەخۆیەوە دەبینێ یا نا" 

لە درێژەی قسەكانی ئەو پسپۆڕە ئەوە هاتووە كە ئەوە زۆر روونە پێویستە جیهان هەست بە نیگەرانییەكانی مردن و تووشبوونی نوێی ملیۆنان خەڵكی تری چین بێت، هەروەك ئاماژەی بەوەیش داوە دۆخی ئێستەی چین بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە ئێستەدا لە دۆخی راگەیاندنی باری نائاسایی دەمێنێتەوە. 


وشە - وشه‌