ماوه‌یه‌كه په‌تایه‌ك له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا بڵاوە و هەر كەس تووش دەبێت دەڵێ "ئەم پەتایەم گرتووە"، به‌تایبه‌ت له‌ناو منداڵدا كاریگەرییەكەی زۆرتر دەركەوتووە. پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێ پەتاكە وەرزییە و ڤایرۆسییە و هیچ مەترسییەكی نییە.
پەتا، نەخۆشییەكی درمییە و وا باوە كە لە وەرزی پایز بەرەو زستاندا بڵاو دەبێتەوە و زۆربەی جاریش كە باران كەم دەبارێ، پەتا بەربڵاوترە.
دكتۆر سۆران سابیر عوسمان ئه‌ندامی ئه‌كادیمیای ئه‌وروپی بۆ نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئەو پەتا بڵاوەی ئێستە وه‌رزییه یان كۆرۆنا؟ به"وشه"ی گوت، په‌تاكە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسییه و به‌گشتی سێ بۆ 10 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت. ئاماژەی دا "كۆمه‌ڵێك ڤایرۆس تووشی ئه‌و حاڵه‌ته‌مان ده‌كەن وه‌ك ڤایرۆسی ده‌رده‌سه‌رما و ئه‌نفله‌وه‌نزا و كۆرۆنا و جۆره‌ها ڤایرۆسی تر، به‌تایبه‌تی كه ئێسته به‌ره‌و مانگی یه‌ك ده‌ڕۆین ڤایرۆسی ( RSV ) منداڵان تووشی هه‌وكردنی بۆڕییه‌كانی هه‌ناسه ده‌كات.
ئەو پەتا بڵاوەی ئێستە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسییه و به‌گشتی سێ بۆ 10 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت
پزیشكە پسپۆڕەكە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئه‌م نەخۆشییە درمییانە به كۆمه‌ڵێك ڤایرۆس دروست ده‌بن و مه‌رج نییه ته‌نیا ڤایرۆسێك هۆكار بێت، یان نه‌خۆشی بێت.
"ئه‌م په‌تایه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له په‌تای كۆرۆنا و ئه‌نفله‌وه‌نزا و ده‌رده‌سه‌رما، به‌گوێره‌ی توندی نیشانه‌كانی ده‌گۆڕێ و بە پشكنین دەزانی كام جۆره‌ی په‌تایه، بەڵام ئه‌وانه‌ی زۆر به‌توندی تووشی بوون، ئه‌گه‌ری زۆره كۆرۆنایان هه‌بێت" پزیشكەكە وا دەڵێ.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ كۆرۆنا كاریگەریی ماوە؟ دكتۆر سۆران زیاتر گوتی، هه‌رچه‌نده له‌مساڵدا كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌م بووه‌ته‌وه بەراورد بە سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵك كەمتر خۆپارێزی دەكات و هەست بە نەمانی كۆرۆنا دەكەن، بۆیە ڤایرۆس ئەم دۆخە دەقۆزێتەوە و وەك دەبینین خەڵكێكی زۆرتر تووشی پەتا دەبن، بەراورد بەوكاتەی خەڵكی لە ترسی كۆرۆنا زۆر خۆپارێزی دەكرد.
زۆربه‌ی نیشانه‌كانی کۆڕۆنا له هی ئەو ئەنفلەوەنزایەی ئێستە ده‌چن و چاره‌سه‌ریشیان هه‌مان شته
بەڵام خه‌ڵك زۆرن كە ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و په‌تایه كۆرۆنا بێت، بۆ ئەوە دكتۆر سۆران دڵنیایی دەدات كە پێویست به ترس و دڵه‌ڕاوكێیه ناكات و ته‌نیا خۆپارێزی گرنگه، تەنانەت ئەگەر كۆرۆنایش بێت، چونكە زۆربه‌ی نیشانه‌كانی له هی ئەنفلەوەنزا ده‌چن و چاره‌سه‌ریشیان هه‌مان شته، بەگشتیی ترسی ناوێ چونكە ئاماری مردن بەهۆی كۆرۆناش نزیكە لە نەمان.
له‌باره‌ی نیشانه‌كانی ئه‌و په‌تایه، دكتۆر سۆران ئەو چەند خاڵەی ریز كرد:
-تا
-هه‌ندێك جار له‌رز
-بێتاقه‌تی
-نه‌مانی حه‌زی خواردن
-هەڵامەت و كۆكه
-ئازاری قوڕگ
-دروستبوونی ژان له قاچدا
-ئازاری سك
-هێڵنجدان و رشانەوە و هەندێك جار سكچوونیش.
لەبارەی شێوازەكانی خۆپارێزیش، پزیشكە پسپۆڕەكە ئاماژە بەوە دەكات، تووشبوو بە تایبەت ئەگەر منداڵ بوو، پێویستی به دژه به‌كتریاكانی وه‌ك "سوپراكس، ئه‌مۆكسیل و ئه‌زیترۆمایسین" نییه كه زۆربه‌ی جار به منداڵ ده‌درێ بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ پزیشك، بەڵكو بۆ چاره‌سه‌ر تەنیا ده‌رمانی دژه تا گرنگه، له‌گه‌ڵ قه‌تره‌ی لووتگیران بۆ منداڵ.
روونیشی كردەوە كە ده‌توانرێت ده‌رمانی كۆكه به‌كار بهێنرێت له ژێر سه‌رپه‌رشتیی پزیشكدا، له‌گه‌ڵ خواردنی شله‌مه‌نییه‌كانی وه‌ك شۆربا و سوپ و نیسك و هەر شلەیەكی تر، بگرە زۆر گرنگن بۆ منداڵ و لە گەورەیشدا هاوكاتی چارەسەرەكان، پشوو وا دەكات زوو پەتاكە تێپەڕێنێ.
چی بكەی بۆ ئەوەی تووش نەبی؟ دكتۆر سۆران ئەم خاڵانەی بە گرنگ زانی:
-دوورگرتن لە شوێنی قه‌ره‌باڵغ و ئه‌و شوێنه‌ی تووشبووی لێیه .
-پاكوخاوێنی
-شووشتنی ده‌ست به به‌رده‌وامی
-ده‌ست له كه‌لوپه‌لی تایبه‌تی كه‌س مەدە، به‌تایبه‌ت منداڵ فێر بكرێ ده‌ست له شتومه‌كی یه‌كتر نه‌ده‌ن .
-منداڵی تووشبوو مەنێرنه قوتابخانه و باخچه‌ی ساوایان و ناو قه‌ره‌باڵغی، بۆ ئه‌وه‌ی زووتر چاك ببنه‌وه و منداڵی تریش تووش نه‌كەن .
-منداڵ فێر بكەن چۆن پژمین و كۆكە بكەن.
بەڵام دكۆر سۆران سابیر هۆشداری دەدات ئەوانەی جۆری پەتاكەیان زۆر قورسە دەبێت پزیشك ببینن و بۆ ئەوەیش حاڵەتەكانی دیاری دەكات كە لە چ كاتێكدا پێویسته:
كاتێك تای زۆر به‌رز ده‌بێت
ڕشانه‌وه‌ی بەردەوامی هه‌بێت
ته‌نگه‌نه‌فه‌س و پشووسوار بێت
ئازارێكی زۆری هه‌بێت
كۆكه‌یه‌كی زۆر بێزاركه‌ر
بۆ منداڵیش ئەگەر تووش بوو، تەمەنی له شه‌ش مانگ كه‌متر بێت، پێوسته پزیشكی پسپۆڕ بیبینێ.