شارەزایان وریایی دەدەن.. تیرەیەكی نوێی كۆرۆنا دەركەوت

:: PM:07:43:02/01/2023 ‌

بەپێ ئەو ئامارانەی لە بەریتانیا و ئەمەریكا دێتە راگەیاندن، تیرەیەكی نوێتر لە ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستی بە بڵاوبوونەوە كردووە، كە لە توانای تەشەنەكردنی خێراترە، هاوكات زیاتر لە 12 دەوڵەت دەستیان كردووە بە سەپاندنی پشكنینی ڤایرۆسەكە بەسەر ئەو گەشتیارانەی لە چینەوە دەچنە سەر خاكەكەیانەوە.

وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، شارەزایان ناویان لە تیرە نوێیەكە ناوە " XBB.1.5"، كە هۆكارە بۆ تووشبوونی حاڵەتێك لە 25 حاڵەتی تووشبوون لە بەریتانیا، هەرچی لە ئەمەریكایە دەركەوتنی تیرە نوێیەكە زەنگی مەترسی لێ داوە، بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوە و زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون پێوەی، كە پێویستی بە داخڵبوون لە نەخۆشخانە هەیە. 

ئێستە ئەو تیرە نوێیە هۆكاری تووشبوونی چوار حاڵەتە لە 10 حاڵەتی كۆرۆنا لە ئەمەریكا، لەوكاتەی بەر لە دوو هەفتە بەرپرس بوو لە دوو حاڵەت لە 10 حاڵەتی تووشبوون، ئەو تیرە نوێیە لە تیرەی ئۆمیكرۆنەوە هاتووە كە لە كۆتایی 2021 بڵاو بووەوە، هەر بە پێی زانیارییەكان ئەو تیرە نوێیە دەبێتە هۆی زیاتر تووشبوونی خەڵكەكە لە پێشتر و توانای فیڵكردن لەو پارێزییە هەیە كە بەهۆی ڤاكسینەوە دروست بووە. 

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن، ئەو تیرە نوێیە زەنگێكی مەترسییە بۆ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و ئەگەری هەیە دۆخی تەندروستی خراپتر بكات، هاوكات لەگەڵ ئەو شەپۆلە نوێیەی پەتاكە، كە بەهۆی وەرزی سەرما و تێكەڵبوونی لەگەڵ ئینفلەوەنزاوە دروست بووە، چین بڵاوبوونەوەیەكی خێرای ڤایرۆسەكە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەش وای كرد ژمارەیەك وڵات رێوشوێنی پشكنین بەسەر هاتووان لە چینەوە بسەپێنن، لەوانە ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و ئوسترالیا و ژاپۆن و و كەنەدا و مەغریب و هیتریش.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل