لە ژاپۆن و چین مردن بە كۆرۆنا لەهەڵكشانە

:: PM:07:19:22/01/2023 ‌

دەسەڵاتدارانی ژاپۆن و چین رای دەگەیەنن كە حاڵەتەكانی مردن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەڵكشاندایە، بەشێوەیەك لە ژاپۆن لە ماوەی نزیكەی یەك مانگدا زیاتر لە هەشت هەزار و لە چین لە ماوەی هەفتەیەك 13 هەزار حاڵەتی مردن تۆمار كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم دەسەڵاتدارانی ژاپۆن تۆماركردنی 326 حاڵەتی مردنیان لە ماوەی رۆژێك راگەیاند، بەوەش كۆی حاڵەتەكانی مردن لە یەكەم 22 رۆژی ئەم مانگە گەیشتە هەشت هەزار و 103 حاڵەت و لە دوایین پێنج رۆژدا پێنج هەزار كەس بەو ڤایرۆسە مردوون، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەییە لەو وڵاتە لەوەتەی پەتاكە سەری هەڵداوە.

ئەو شەپۆلە نوێیەی كۆرۆنا لە ژاپۆن لە سەرەتای كانوونی یەكەمی رابردوو سەری هەڵداوە، بەوەش ژمارەی حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆنا لە ژاپۆن لەوەتەی ڤایرۆسەكە لە كۆتایی 2019 سەری هەڵداوە گەیشتووەتە 65.4 هەزار حاڵەت.

چین كە مۆڵگەی سەرهەڵدانی یەكەمجاری ڤایرۆسەكەیە لە كۆتایی 2019، لە دوای كۆتاهێنان بە كۆتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، رووبەڕووی دۆخێكی سەختی تەندروستی هاتووەتەوە، كاتێك دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تۆماركردنی 13 هەزار حاڵەتی مردنیان لە نێوان 13 بۆ 19ی ئەم مانگە راگەیاند، جیا لەوەی زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەكە تووشی پەتاكە بوونە.

سەنتەری چینی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپارێزی لێیان دەڵێت، لەو ماوەیەدا 681 حاڵەتی مردن بەهۆی كێشەی هەناسەدان و 11977 حاڵەتیش بەهۆی نەخۆشی تری پێوەست بە كۆرۆنا تۆمار كراوە، جیا لەوانەی لە ماڵەكانیان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە مردوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل