پێنج ھاووڵاتیی دیکەی کوردی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگار کران

:: PM:08:38:13/04/2017 ‌

لە بەردەوامی رزگار کردنی کوردانی ئێزیدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش لەلایەن نووسینگەی رزگار کردنی کوردانی ئێزیدی، ئەمڕۆش توانرا پێنج کەسی دیکە رزگار بکرێن، کە ئافرەتێک و چوار منداڵن.

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزیدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش حوسێن قایدی بە "وشە"ی راگەیاند "بە چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ته‌ناهیه‌كان، توانرا پێنج ھاووڵاتی دیکەی کوردی ئێزیدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش رزگار بکرێن و بە کەس و کارەکانیان شاد بکرێنەوە".

حوسێن قایدی زیاتر گوتی، ئەو پێنج ھاووڵاتییە ئافرەتێک و چوار منداڵ بوون و خەڵکی گوندی تل قەسەبی سەر بە قەزای شه‌نگالن.

بەرپرسی نووسینگەی رزگار کردنی کوردانی ئێزیدی لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕونیشی کردەوە، ئێمە بەڵێنمان دابوو بەخەڵکی شه‌نگال کە ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگار بکەین پێش ھاتنی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزیدی، بۆ ئەوەی بەکەس و کاری خۆیان شاد بنەوە و پێکەوە جەژنی خۆیان بکەن و خەندە بخەینە سەر لێوەکانیان و ئەمڕۆ بەڵێنەکەمان بەجێ گەیاندوە.

قایدی رای گەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ھەزار و٩٦٠ کەس بە ھەوڵی نووسینگەکەی ئێمە رزگار کراون و نزیکەی سێ ھەزار و ٤٠٠ کەسی دیکەش لە دەستی داعش ماون و لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەوانیش رزگار بکەین.

بڵند ئیبراھیم


وشە - عه‌لی سدیق