هۆشداری دەدرێ لەوەی تا ئێستەیش كۆرۆنا هەڕەشەیەكی رژدە

:: AM:09:17:06/05/2023 ‌
یەك لە بەرپرسە گەورەكانی بواری تەندروستی لە چین رای گەیاندووە، وێڕای ئەوەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كۆتایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرانای راگەیاندووە، بەڵام راستییەكەی تا ئێستەیش كۆرۆنا مەترسییەكی رژدە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو شەشی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسێكی گەورەی بواری تەندروستی لە چین بۆ میدیاكان گوتوویەتی، تا ئێستەیش ڤایرۆسی "كۆڤید 19" هەڕەشەیە و بەكۆتا ناهتووە، وێڕای رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كۆتایی بە حاڵەتی فریاكەوتن راگەیاندووە. بۆیە چین بەردەوام دەبێ لە چاودێریی گەشەی ڤایرۆسەكە.

ئەو بەرپرسەی چین زیاتر گوتوویەتی، پێمان وایە ڤایۆرسی كۆرۆنا بەكۆتا نەهاتووە، بۆیە بەردەوام دەبین لە دابینكردنی چارەسەرییەكان بۆ  ئەو توێژانەی كە مەترسیی زیاتری تووشبوونی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.

دوێنێ هەینی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رای گەیاند، كۆرۆنا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، كۆتایی بە ژیانی زیاتر  لە 20 ملیۆن كەس هێناوە، كێشەیەكی رژد ئابووریی لە دنیادا دروست كرد، بەڵام بۆ ئێستە حاڵەتی فریاكەوتن بۆ كۆتا هاتووە.

لیانگ وانیان سەرۆكی لیژنەی پسپۆران لە چین كە مامەڵە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكەن و سەربە لیژەی تەندروستیی نیشتمانییە، گوتوویەتی كۆتاهاتن بە حاڵەتی فریانكەوتن، واتای ئەوە نییە كە ڤایرۆسەكە بە كۆتا هاتووە، بەڵام ئێستە كاریگەرییەكانی زۆر نییە بە ئاسان كۆنترۆڵ دەكرێت.

ئەو بەرپرسەی چین گوتوویەتی، ئێمە بە رژدی چاودێریی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەین و ڤاكسین بۆ هەموو ئەوانەی گومانی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە هەیە، دابین دەكەین كە بەكاری بێنن، چونكە تا ئێستە كۆرۆنا مەترسییەكی رژدە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د