لە بەغدا ژنێك مێردەكەی خۆی كوشت و دواتر سووتاندیشی

:: AM:11:46:07/06/2023 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی تاوان لە بەغدا، رای دەگەیەنێت كە مەفرەزەكانیان توانی ژنێك بگرن كە تۆمەتبارە بەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ خۆشەویستەكەی، مێردەكەی كوشتووە و تەرمەكەی لە ناوچەی ئەلبەیاع لە بەغدا، سووتاندووە.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی تاوانی بەغدا، گرتنی ژنێكی ڕاگەیاند كە تۆمەتبارە بە كوشتنی هاوسەرەكەی، بە ڕێككەوتن لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا، دواتریش تەرمەكەیان سووتاندووە.

ژنی قوربانییەكە ددانی بەوەدا ناوە كە هاوسەرەكەی كوشتووە و تەرمەكەی سووتاندووە
لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژە بەوەش دراوە، "هەڵمەتی گرتنی ژنەكە دوای ئەوە هات كە زانیاری گەیشتە فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی ئەلبەیاع، لەبارەی بوونی رووداوێكی كوشتن، بۆیە بە پەلە مەفرەزەیەك گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دوای لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری، هەستان بە گرتنی تۆمەتبار و لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییا ژنی قوربانییەكە ددانی بەوەدا ناوە كە هاوسەرەكەی كوشتووە و تەرمەكەی سووتاندووە، بە هاوكاری خۆشەویستە كوڕەكەی.

"گوتەی تۆمەتباران بە ددانپێدانانی خۆیان تۆمار كراوە و دادوەر بڕیاری دا بە مادەی 406ی یاسای سزادان، دەستبەسەر بكرێن" لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە.

لە بەغدا و شارەكانی تری عێراق رۆژانە تاوانی هاوشێوە روو دەدات، مانگی رابردوویش لە كەركووك ژنێك بە هاوكاری خۆشەویستەكەی، مێردە بازرگانەكەی كوشت و دواتر لە لێكۆڵینەوەی پۆلیسدا ددانی بە تاوانەكەیدا نا.



وشە - لاڤین عومەر