منداڵانی كۆرۆنا ئاسایی نین

:: PM:09:04:16/07/2023 ‌

پەتای كۆرۆنا لە كۆتای 2019 هات و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دنیای داگرت، زیانێكی گەورەی گیانی و مایەكی بە مرۆڤایەتی گەیاند و حیساباتی زۆرێك لە ناوەندە پزیشكی و توێژینەوە و كۆمپانیاكانی دەرمانی گۆڕی، تا ئێستەش بە تەواوەتی زیانەكانی دیاری نەكراون و شتی نوێ ئاشكرا دەبن، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە منداڵانی سەردەمی كۆرۆنا ئاسایی نین.

وەك رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، توێژەرێك لە كۆلێجی شاهانە بۆ نەشتەرگەری لە ئێرلەندا دەڵێت، ئەو منداڵانەی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لەدایك بوونە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا هەمان پەرەسەندنی ئاكاریان لەگەڵ منداڵە هاوتەمەنەكانیان هەیە، جگە لە توانای پێوەندیكردن نەبێت.

توێژینەوەكە سەرنجی خستە سەر ئەو منداڵانەی لە یەكەم سێ مانگی كەرەنتینەكردن بەهۆی تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا سەپێنرا دەكات، ئەوان بە گرووپێكی هاوشێوە لەوانەی بەر لە پەتاكە لەدایكبوونە بەراورد دەكات، نزیكەی 354 خێزان و منداڵ خرانە ناو توێژینەوەكەوە.

سۆزان بایرن، سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە گوتی، ویستمان ئەوە بزانین ژیان بۆ ئەو منداڵانەی لە سەردەمی پەتاكە لەدایك بوونە چۆنە، ئەو تەنگژە چۆن كاری كردووەتە سەر تەندروستی گشتی و پەرەسەندنیان، تیمەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە لە شەش مانگی تەمەنی ئەواندا تەنیا سێ كەس ماچیان كردوون، لەوانە دایك و باوكیان، ئەوەش ئاماژەیە كە ئەو منداڵانە چاویان بە ژمارەیەكی زۆر كەم لە كەسوكاریان كەوتووە.

هەروەها دەركەوت كە یەكێك لە هەر چوار منداڵ لەو ماوەیەدا و لە یەكەم جەژنی لەدایكبوونیان، چاوی بە منداڵێكی تری هاوتەمەنی نەكەوتووە، سەبارەت بە ئاكارەكانیتر وەك جووڵانەوە و توانای چارەسەركردنی كێشەكان، تێبینی بوونی جیاوازیەك لەگەڵ منداڵانی تر نەكراوە، لە پاڵ ئەوە بوونی كێشە لە نوستن و راراییان، ئەویش نەبووە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل