سەرما بەڕێوەیە... لێکۆڵینەوە: لە كەشوهەوای سارد ئەگەری تووشبوون بە کێشەکانی دڵ زیاد دەبێت

:: PM:06:56:12/12/2023 ‌
هەندێک لە توێژینەوەکان هۆشدارییان داوە، ئەگەری تووشبوون بە کێشەکانی دڵ لە کەشوهەوای سارددا زیاد دەکەن، داوا دەكەن وریاتر بین، چونکە ئەگەری هەیە بەرەو نەخۆشیی مەترسیدار بچێت.

توێژینەوەیەک لە ساڵی 2013 لە کتێبخانەی نیشتمانیی پزیشکی، باس لەوە دەکات كە مەترسیی تووشبوون بە دڵەكوتێ، لە کەشوهەوای سارددا زیاد دەکات و لە مانگەکانی كانوونی دووەم و شوبات دەگاتە لوتکە.

دڵەكوتێ، جۆرێکە لە ناڕێکیی لێدانی دڵ، بەهۆی کێشەکانی سیستمی کارەبایی دڵ دروست دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتن پۆست، بەدوور نازانرێت نیوەی ئەو نەخۆشانەی كە تووشی دڵەكوتێ دەبن، لەوانەیە تووشی لەرزینی تەواوەتی ببن، ئەمەیش دەبێتە هۆی مەترسی بۆ جەڵتەی مێشك یان جەڵتەی دڵ.

سەبارەت بە پێوەندیی نێوان كەشوهەوای سارد بەم نەخۆشییە، شیکارییەک بۆ 15 توێژینەوە كراوە، لە ساڵی 2015دا زیاتر لە 125 هەزار نەخۆش هەبووە، دەرکەوتووە دڵەكوتێ زۆربەی كاتەكان لە وەرزی زستاندا ڕوودەدات، لە هاویندا کەم دەبێتەوە و لە مانگی تەموزدا بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت.

بەپێی توێژینەوەیەک كە لە سەر نزیکەی 290 هەزار نەخۆش ئەنجامدراوە، پێشکەشی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ کراوە، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، لە نەخۆشانی دڵەكوتێ لە زستاندا لە 19% زیاتر بووە بەراورد بە وەرزی هاوین و 10% زیاتر بووە بەراورد بە وەرزی بەهار، بە شێوەیەكی گشتی، ئەم حاڵەتە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و سستبوونی دڵ و تەنانەت نەخۆشیی بیرچوونەوەش زۆر زیاد دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی، ئەگەر دڵەكوتێ چارەسەر نەکرێت، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک پێنج هێندە زیاد دەکات و ئەگەری مردن بەهۆی سستبوونی دڵەوە دوو هێندە زیاد دەکات.

بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەیەکی تر كە ساڵی 2022 لە گۆڤاری کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکیدا بڵاوکراوەتەوە، هەموو توێژەران لەسەر ئەمە کۆک نین، كە ئەم نەخۆشییە دڵەكوتێ "لەرزین لە دەمارەکان" مەرج نییە پێوەندیی بە کەشوهەواوە هەبێت.

کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکی، پێشنیاری پەیڕەوکردنی ڕجیمێکی تەندروست دەكات بۆ دڵ، بە وەرزشکردن بۆ ماوەی 150 خولەک لە هەفتەیەکدا و سنووردارکردنی خواردنەوە كحوولییەكان و وازهێنان لە جگەرەکێشان، بۆ دوورکەوتنەوە لە دڵەكوتێ و کێشەکانی تری دڵ.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە دوێنێ 11ی کانوونی یەكەمی 2023، دەستەی كەشناسی پێشبینیی كرد لە دوو ڕۆژی داهاتوو عێراق و هەرێمی كوردستان بەر شەپۆلێکی سارد بکەون، بەگوێرەی پێشبینییەكەی دەستەی كەشناسی، پلەكانی گەرما حەوت بۆ هەشت پلە دادەبەزن و شەپۆلە ساردەكە "ڕۆژی چوارشەمەش بەردەوام دەبێت، پێشبینیش دەکرێت بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان ببارێت".


وشە - رزگار خدر