هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدرێت جارێكی تر كۆرۆنا گەڕایەوە

:: AM:09:58:11/01/2024 ‌
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوی كردەوە، تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسییە لەسەر دنیا و تەنیا لە مانگی رابردوودا 10 هەزار كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی دووەم، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی ئەو داتایانەی لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە بەدەستمان گەیشتووە، لە مانگی رابردوودا بەهۆی ئەو كۆبوونەوانەی لە رێوڕەسمەكانی سەری ساڵ لە سەرانسەری دنیا ئەنجام دراون، گۆڕاوی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاو بووەتەوە.

باس لەوەش كراوە، ئێستە راستە كۆرۆنا وەك دۆخی لە ناكاوی تەندروستیی جیهانی نەگەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا لە بڵاوبوونەوەدایە و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران كەس دروست دەكات.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لە مانگی رابردوودا 10 هەزار كەس لە دنیادا بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە، رێژەی ئەو كەسانەی كە لە نەخۆشخانەكان خەوێنراون، بەڕێژەی 42% و رێژەی ئەوانەی رەوانەی بەشی چاودێری چڕ كراون، بە ڕێژەی 62% بەراورد بە مانگی پێشتر بەرز بووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد