تا ئێستە بودجەی عێراق رەوانە پەرلەمان نەكراوە

:: PM:06:50:06/03/2024 ‌

تا ئێستە نازانرێت هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی بودجەكانی ساڵی رابردوو و ئەمساڵی عێراق چییە؟، بەشێك لە شارەزایان بە هۆكاری داراییەوە و نەبوونی سیولە پێوەستی دەكەن، هەندێكیان دەیخەنە ئەستۆی كێبركێی سیاسیی هێزە شیعەكانەوە، هەروەها هۆكاری دەرەكی، بەگشتی تا ئێستە پڕۆژەیاسای بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان نەكراوە و پێشبینی هەیە مانگی داهاتوو بگات.

محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە پۆستێكی لە فەیسبووك ئاماژەی كردووە، خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 كە بڕیارە رەوانەی پەرلەمان بكرێن بۆ پەسندكردنی، تا ئێستە لەلایەن حكوومەتەوە نەگەیشتووەتە پەرلەمان، واتە زۆرینەی خەرجییەكان پەكیان كەوتووە و تەنیا مووچە خەرج دەكرێت. 

روونی كردەوە، دەبوایە بودجەكە بەر لە سەرەتای ساڵ رەوانە بكرایە، بەڵام زۆر دواكەوتووە و تا ئێستە نەگەیشتووە، ئەگەری هەیە تا مانگی نیسانی داهاتووش بودجە نەبێت و خشتەكان پەسند نەكرێن.

لای خۆیەوە كازم فەیاز، پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەڵێت، وا لە نیوەی ساڵی دارایی نزیك دەبینەوە تا ئەو ساتە حكوومەت خشتە داراییەكانی بودجەی 2024ی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە بۆ تاوتوێكردن و دەنگدان و جێبەجێكردنی، كە چەندان پڕۆژە و هەلی دامەزراندنی تیادایە، بۆیە پێویستە حكوومەت لە رەوانەكردنی خشتەكان پەلە بكات، چونكە لە پەرلەمانیش كاتی پێویستە و ئەگەری هەیە كێشە سەرهەڵبدات، ئەوەش كاتی دەوێت بۆ رێككەوتن و تێپەڕاندنی، دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هۆكاری ئەو دواكەوتنە نازانین.  

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند، تا ئێستە بودجەی 2024 نەگەیشتووەتە پەرلەمان، ئەگەر لەلایەن حكوومەتەوە بنێردرێت، گۆڕانكاری لە بەشێك لە بڕگەكانیدا دەكرێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ مسۆگەرە و هیچ كێشەیەكی لە دابینكردنی پارە بۆ مووچەی موچەخۆران نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل